ئادار 21, 2016 12:55 Asia/Tehran
  • مامۆستایه کی بۆکانی وەکوو خانمی بەتواناو لێهاتووی پاریزگه ی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا هەڵبژێردرا

سەرۆکی ئیدارەری ڕاهێنەری و پەروەردەی شارستانی بۆکان لە هەڵبژێردرانی مامۆستایەکی ئەم شارە وەکوو خانمی بەتوانا و لێهاتووی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا هەواڵی دا.

ئەحمەد ڕەحمانی لە لێدوانێک بۆ کوردپرێس وتی: بە گوێرەی ڕاگەیاندنی ئیدارەی گشتیی ڕاهێنەری و پەروەردەی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ژنانی فەرهەنگیی پارێزگا بە پێوەری زانستی، فەرهەنگی و توێژینەوەیی بۆ ڕێزلێنان و پێزانین هەڵبژێردراون.

ناوبراو وتی : لە بەشی هەڵبژاردنی ژنانی تێگەیشتوو و توانای فەرهەنگی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەیلا ساڵحی مامۆستای مێژووی دواناوەندی بۆکان و وانەبێژی زانکۆ وەکوو خانمی بەتوانا و لێهاتووی فەرهەنگی لە ئاستی پارێزگا هەڵبژێردرا.

ڕەحمانی وتیشی: پێوانەی هەڵبژاردنەکە بەرهەمی بڵاوکراو لە بواری جۆراوجۆر، بەشداری لە مێهرەجان و کۆڕبەندە زانستییەکان و توانایی و لێهاتوویی بۆ وانە وتنەوە بووە.

لەیلا ساڵحی شاعێر، نووسەر و توێژەری بواری مێژوویە و لە ساڵی ڕابردوودا جیا لە بڵاوکردنەوەی چەندین بەرهەمی ئەدەبی، لە یەکەمین کۆنگرەی نێونەتەوەیی توێژینەوەی مێژوویی کە لە ناوەندی کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی شەهید بەهەشتی تاران بەڕێوەچوو، وەکوو توێژەری هەڵبژاردە لە بواری مێژوو پلەی یەکەمی وەدەست هێنا.