ئادار 20, 2017 12:26 Asia/Tehran
  • رۆحانی: ئاشتی و یەکڕیزی لەناوچەی کەونارای نەورۆز، خواست و داوای گەلانی موعتەدیل وعەداڵەت خوازە

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامی جیاجیادا هاتنی ساڵی تازەی١٣٩٦ی هەتاوی و جێژنی نەورۆزی لەسەرانی وڵاتانی ئەفغانستان، تاجیکستان، پاکستان، ئازەربایجان، تورکەمەنستان، ئەرمەنستان، تورکیا ، قەزاقستان، قرقیزستان،هیندستان وئۆزبەکستان پیرۆزبایی کرد.

بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماریی، حەسەن ڕۆحانی لە پەیامی جیاجیای خۆی بۆ سەرانی یانزە وڵاتی ناوچە ، کە نەورۆز دەکەن بەجێژن، بەئاماژە بەوەی کە نەورۆز، جوانترین جێژنی سروشتە کە بە تێپەڕاندنی وەرزی زستان و چوون بەرەو پیری بەهار، هیواو سەوزەڵانی و تازەبوونەوەی سروشت بەدیاری دێنێ، وتی: ئەو جێژنە، هێمای ئیعتدال، هێمنی، گەرمی، ڕووناکی، فراوانی و ناسکی و پاکییە، کە کردگار بەمرۆڤی دەبەخشێ.

رۆحانی، ئاشتی ویەکڕیزی لەناوچەی کەونارای نەورۆزی لە ویست و خواستی گەلانی موعتەدل ناوبردو وتی: جیهانی ئەمڕۆ زیاتر لەهەرکاتێکی دیکە، پێویستی بەهیوا و ئومێد هەیە کە بەهۆیەوە، ڕێز دەگیردری لە خۆشەویستی، ئەوین و دۆستایەتی و وڵاتان لەجیاتی بەرەوڕووبوونەوە، بانگهێشتی هاریکاری وتەعامول دەکات.

سەرۆک کۆمار وتیشی: نەتەوەکان بە هیوا، ئاشتی وهێمنی دەتوانن لەسای یەکڕیزی و تەعامول لەگەڵ یەکتردا، بەرەوڕووی ئەو سیما کرێت و ناحەزە ببنەوە کە هەڵقوڵاو و سەرچاوەگرتوو لە خراپ لەدین گەیشتن و توندڕەویی خوازی تایفییە کە ئەنجامەکەشی هاتنەدی تیرۆریزم و ڕەشەکوژییە.

رۆحانی لەکۆتایی پەیامەکەی بۆ سەرانی وڵاتانی ئەفغانستان، تاجیکستان، پاکستان، ئازەربایجان، تورکەمەنستان، ئەرمەنستان، تورکیا، قەزاقستان، قرقیزستان، هیندستان و ئۆزبەکستان ساڵێکی تژی لە شادمانی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە بەئاوات خواست.