نیسان 05, 2017 14:08 Asia/Tehran
  • چاو خشاندنێک بە سەر پیشە دەسکردەکانی پارێزگای کرماشان و کوردستان

پیشەی دەستی وەکوو بەشێک لە میراتی کەلتووری و هێمای ژیانی فەرهەنگی کۆمەڵگا بەردەوام سەرەنجی پێ دەدرێت.

گڵێم و بەڕە
چنینی گڵێم یەکێک لە پیشە دەسکردەکانە کە لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای کرماشان باوە.
گەڵاڵە و نەخشەی چاوگە نیزامی و هەروەها گەڵاڵەی تێکەڵاوی دار و هێلانەی چۆلەکە، بووکەڵە، گوڵی تێرمە و هتد لەو نەخش و گەڵاڵانەن وا لە گڵێم و بەڕەکانی ئەو پارێزگایە بەتایبەت لە شاری هەرسیندا دەبینرێن. شایانی ئاماژەیە لە شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە وەکوو جوانڕۆ، ڕێژاو و گێڵانی ڕۆژئاوا گڵێم چنین ئەنجام دەدرێت.

گڵێمی کرماشان

جێوان پێچ
جێوان پێچ چەشنێک پیشەی دەسکردە کە لە خوری مەڕ دەچنرێت و هێشتاکە لە ناوچەی هەورامانات و لە شارەکانی پارێزگای کوردستان وەکوو هونەرێکی دەسکرد ئەنجام دەدرێت. گرینگترین گەڵاڵەکانی ئەم چنراوەیە بریتین لە کەشکووڵی، چوارخانە، ڕەش و سپی، تەختە سوور، بەرماڵە و شەترەنجی.

جێوان پێچ

لبادە
لبادە یەکێک لە گرینگترین هونەرە دەسکردەکانی ناوچەی تایبەت بە هۆزە کۆچەرەکان و عەشیرەکانی کرماشانە کە لە ڕابردووەوە بۆ ساز کردنی هەمەجۆرە پۆشش و ڕاخەر و تەنانەت زینی ئەسپەکان باو بووە.

لبادە
چنینی لباده

چێغ
چێغ یان چێخ بریتییە لە حەسیرێک بە پانتایی نزیک بە 150 سانتی مەتر کە نەخش و نیگاری جۆراوجۆری بە خوری لەسەرە. لە چێغ بۆ پاراستنی دەوروبەری ڕەشماڵەکان کەڵک وەردەگیردرێت.

چێغ

گیوە کەشی (کڵاش چنین)
چنینی کڵاش مێژوویێکی دوور و درێژی هەیە. ڕووەکەی لە بەنە و بنەکەشی لە قوماشی لێک نووساو ساز دەکەن، هەر بۆیە پێڵاوێکی زۆر نەرم و سووکە و بۆ شوێنە شاخاوییەکان زۆر گونجاو و لەبارە. بەرهەم هێنانی کڵاش لە بنەڕەتدا تایبەت بە ناوچەی هەورامانە بەڵام ئێستاکە لە هەموو شارەکانی پارێزگای کوردستان و کرماشان بەرهەم دێت.

کڵاش
کڵاش چنین له کوردستان

قەڵەم لێدان
ئەم هونەرە سەردەمێک زۆر باو بووە و هونەرمەندانێکی ناودار لەم بوارەدا کاریان کردووە.

قەڵەم لێدان

قاڵی چنین
قاڵی چنین یەکێک لە گرینگترین پیشە دەسکردەکانی ئەم دوو پارێزگایە.
ئەمڕۆکە لە زۆربەی شارەکانی سنە و بیجار لە پارێزگای کوردستان و لە زۆربەی گوندەکانی سونقور و سەحەنە و بێستوون لە پارێزگای کرماشان قاڵی چنین باوە.

قالی کوردی

ناساندنی پیشە دەسکردەکانی پارێزگای کوردستان
پیشەی دەستی وەکوو بەشێک لە میراتی کەلتووری و هێمای ژیانی فەرهەنگی کۆمەڵگا بەردەوام سەرەنجی پێ دەدرێت.
پیشە دەسکردەکانی پارێزگای کوردستان بریتین لە : نازک کاری لە سەر دار و چێو، خەڕاتی یان دارتاشی، ساز کردنی ڕازێونەر و خشڵ، دروومان، گڵێنەسازی، حەسیر چنین، کڵاش چنین، ساز کردنی لبادە و بەرهەمە چەرمییەکان.
هەروەها چنینی جێوان پێچ و بەڕە و بەرماڵە و گڵێم و قوماشی تایبەت بە جلووبەرگی خۆماڵی لە زۆربەی ناوچەکانی شار و گوندی پارێزگای کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

بەرهەمی نازک کاری کوردستان
کوردستان گرینگترین پارێزگای ئێرانە لە باری بەرهەمهێنانی هونەری دەسکردی نازک کارییەوە. ئەم هونەرە لە ڕاستیدا تاشینی دار و پاژی چکۆلەی چێوە کە لەوپەڕی وردبینییەوە لە تەنیشت یەکتر دایاندەنێن و بەو شێوەیە گەڵاڵەیێکی هونەری جوان دەخولقێنێ، هەروەها سەرەڕای نازک کاری، ئەرووسی سازی، مونەببەت و موعەڕڕەقی سنە نێوبانگی زۆری هەیە.

بەرهەمی نازک کاری کوردستان

جۆڵایی
جۆڵایی کارگەی بەرهەمهێنانی قوماشی تایبەت بە جلووبەرگی کوردی پیاوانە و ڕانک و چۆخەیە. ئەم قوماشانە پانتاییان 10 سانتی مەترە و درێژاییان نزیک بە 21 مەترە.
بەرهەمگەلێکی وەکوو بەڕە و بەرماڵەش هەر لەم کارگانە بەرهەم دێن و دەنێردرێنە بازاڕەوە.

جۆڵایی کوردی

ساز کردنی ئامێری مۆسیقا
پێشکەوتی بەرهەم هێنانی هونەری دەسکردی دار و چێو بە هۆی هەبوونی دارستانی زۆر باش و چڕوپڕ وای کردووە کە پارێزگای کوردستان ببێتە یەکێک لە ناوچە بەناوبانگەکان لە بواری بەرهەم هێنان و ساز کردنی ئامێری مۆسیقا وەکوو دەف، دیوان، تار، سێتار، کەمان، قانوون و سەنتوور.

سەرپەیڤ