نیسان 14, 2017 14:56 Asia/Tehran
  • سوودە ئەفسووناویەکانى گیای بەهاری لە پارێزگای کوردستان

هاوکات لەگەڵ گەیشتنی یەکەم ڕۆژەکانی بەهاری هەموو ساڵێک گیا بەهارییەکان لە شاخ و کێو و بەندەنی کوردستان دەڕوێن و بۆ کەڵك وەرگرتن لە ڕەشە چێشتی خەڵکی ناوچەکە زۆر بە کار دێن. زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای کوردستان خاوەنی زستانی سارد و سەرما و سۆڵە و شەختەیە بە چەشنێک کە هەتا کۆتایی بانەمەڕ بەفری سەر لووتکەی چیاکان ناتوێنەوە هەر بەم هۆیەوە لە وەرزی بەهار، کەشوهەوای لەباری ناوچەکە دەبێتە هۆی ڕوانی گژ و گیای خۆراکی لە سەر چیا و دەشتەکاندا.

جەماوەری پارێزگای کوردستان بە هۆی سرووشت و ژینگە جوان و لەبارەکەیان بەردەوام بەهرەیان وەرگرتووە لە هەمو جۆرە گیایێکی تایبەت بە ناوچەکەی خۆیان و بە کەڵك وەرگرتنیان لە چێشت و خۆراکەکانیان سوودی زۆریان لەو گیایانە وەرگرتووە.
بڕێک لەو گیایانە بریتین لە: شەنگ، پەنگە، کوزەڵە، کەنیواڵ، گێلاخە، لووشە، کەنگەر، ڕێواس، کارگ، قازیاخە، قەزوان، خوژە، سوورە بنە و هتد.

شەنگ : گیایێکە بە گەڵای درێژ کە بە کاڵی دەخوردرێت و بەبڕوای خەڵکی ناوچەکە سوودی زۆری هەیە بۆ ددان.

شەنگ

پەنگە : گیایێکە بە گەڵای بچووک کە بە کاڵی لەگەڵ هێلکەی کوڵاو دەیخۆن.

پوونگە یان پەنگە بۆ تەسکینی ئێش و ھێمن بوونەوەی مێشک و ھەرسی باشتری خواردن و دژی سکچوونیش باشە.  بەھاران کە کوردان ئەڕۆن بۆ سەیران لە گەڵ ھێلکە کوڵاودا ئەیخۆن، یان بە کاڵی لە نێو نانی ئەنێن و بە بابۆڵە ئەیخۆن.

پەنگە

کوزەڵە : گیایێکە بە گەڵای پان و تامەکەشی تۆزێک تیژە کە لەگەڵ چێشتەکاندا دەیخۆن. خواردنى کوزەڵە بۆ ئەو کەسانەى کێشەى رژێنى تیرۆییدیان هەیە بەسوودە و ئەم رژێنە چالاک دەکات چونکە بڕێکى باش لە مادەى یۆدى تێدایە.

کۆمەڵێک ترشی تێدایە کە هاوکارى کۆ ئەندامى هەرس دەکەن بەمەش هەرسکردنى خۆراک ئاسان دەکات. لەچاو سەزەکانى تردا ریژەى ئاسنى زیاترە و بەمەش چارەسەرى نەخۆشی کەمخوێنى دەکات.

کوزەڵە

کەنیواڵ : گیایێکە لە چەشنی پیوازی تەڕ کە بۆ ساز کردنی نانێکی خۆماڵی بە ناوی "کەلانە" کەڵکی لێ وەردەگرن. کەنیواڵی وردکراو دەکەنە توێی هەویرەکە و پاش ئامادە بوونی نانەکە بە ڕۆنی خۆماڵی چەوری دەکەن و لەگەڵ دۆ دەیخۆن.

کەنیواڵ

گێلاخە : ئەم گیا بەهارییە بۆ ئامادەکردنی چەشنێک چێشتی خۆماڵی بە ناوی "ترش و گێلاخە"کە وەکوو شلە وایە کەڵکی لێ وەردەگرن و هەروەها بە شێوەی سوورکراویس دەکار دێت. بۆ ساز کردنی کوکیش لە گێلاخە کەڵک وەردەگرن.

گێلاخە

لووشە : گیایێکە لە شێوەی گێلاخە بەڵام لە باری بۆن و تام و ڕەنگی ڕیشەکەیەوە جیاوازە، واتە ڕیشەکەی سوورە. لەم گیایە بۆ ساز کردنی دۆکوڵیو کەڵک وەردەگیردرێت.

لووشە
دۆکوڵیو

کەنگەر : کەنگەریش یەکێکی دیکە لە گیا بەهارییەکانە کە لە کوردستاندا کەڵکی زۆری لێ وەردەگرن. خەڵک زیاتر لەگەڵ ماست دا دەیخۆن بەڵام بۆ ساز کردنی کوکی و خۆرشت و هەندێک خۆراکی دیکەش، کەنگەر دەکار دێنن.

کەنگەر
خورشتی کەنگەر

مەنە : ئەم گیایە زۆر لە کەنگەر دەچێت بەم جیاوازییە کە گەڵاکانی دڕک و دڕوویان نییە و زیاتر بە سوور کراوی و لەگەڵ هێلکە دەیخۆن یا لەگەڵ ڕێواس دەیکەنە ترشیات.

قەزوان : ئەم گیایە لە سەر دارە و وەکوو تامدەری ماست و دۆ کەڵکی لێ وەردەگرن یان ئەوەی کە دەیکەنە نێو ترشیات.

قەزوان

 

سەرپەیڤ