نیسان 21, 2017 16:07 Asia/Tehran
  • گوتاربێژی نوێژی هەینیی تاران: خەڵک بەئامادەبوونی بەرفراوان لەهەڵبژاردنەکان، دەسەڵاتی ئێران دەخەینەڕوو

گوتاربێژی نوێژی هەینیی تاران وتی: خەڵکی ئێران بەئامادەبوونی بەرفراوان و گەرم و گوڕیان لە هەڵبژاردنەکانی بەردەم، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشان دەدەن.

ئایەتوڵا محەممەدعەلی موەحیدی کرمانی لە گوتارەکانی نوێژی هەینیی تاران بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە خەڵک دەبێ گرینگی بدەن بە هەستیارەتی پرسی هەڵبژاردنەکان، وتی: خەڵکی ئێران بەئامادەبوونی گەرم و گۆڕیان لە هەڵبژاردنەکان پێشانی دەدەن کە نیزامی ئیسلامیی ئێران پاڵپشتێکی جەماوەریی پتەو و بەهێزی هەیە.

گوتاربێژی نوێژی هەینیی تاران بەئاماژە بەوەی کە خەڵک دەبێ گرینگی بدەن بە خاڵە ئەرێنی ونگەتیڤەکانی بەربژاران، وتی: بەربژارانێک کە شیاوەتیان پشت ڕاست کراوەتەوە، وادەو بەڵێنێک نەدەن کە نەکرێ جێ بەجێ بکرێن.

ئایەتوڵا موەحیدی کرمانی، نەترسان لە دوژمنان بەتایبەت ئەمریکای بۆ کەسایەتی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێویست زانی و وتی: سەرۆک کۆماری ئێران دەبێ بەهێز بێت لەهەمبەر پیلان گێڕیی دوژمنانی ئێرانی ئیسلامیدا.

گوتاربێژی نوێژی هەینیی تاران بەئاماژە بە فیتنەی ساڵی١٣٨٨(٢٠٠٩) پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران پێی داگرت: ڕێز نەگرتن لە دەنگی شۆرای نیگابان، دومنایەتی کردنی ئیسلامە.

ئایەتوڵا موەحیدی کرمانی هەروەها بەئاماژە بە هێرشی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆسەر پێگەی ئاسمانیی شەعیرات لە پارێزگای حۆمسی سوریا وتی: هێرشی ئەمریکا بۆسەر سوریا لەبیرناکرێ.

گوتاربێژی نوێژی هەینیی تاران، بەئاماژە بەوەی کە تاوانکاریی و دوژمنایەتی ئەمریکییەکان تادێ زیاتر دەبێ، وتی: ئەمریکا هەردەم هەوڵ دەدات بەلاوازکردنی وڵاتان، ئەوان لەناوببات.

ئایەتوڵا موەحیدی کرمانی بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە دەبێ بە بەهێزکردنی هێزی بەرگریی لەهەمبەر هەڕەشەو گوڕەشەکانی ئەمریکا، خۆڕاگری بکەین، وتی: هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهێز و دەسەڵاتەوە لەبەرامبەر هەڕەشەی دوژمناندا ڕاوەستاون.

گوتاربێژی نوێژی هەینیی تاران هەروەها بەئاماژە بەڕێککەوتنی ڕێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران لەگەڵ عەرەبستان بۆ ناردنی حاجیانی ئێرانی بۆ ئاهەنگی حەج وتی: نابێ گەشبین بین بە وادەکانی رژیمی سەعودیا لەمەڕ جێگیر ودابین کردنی ئاسایشی حاجییانی ئێرانی.

ئایەتوڵا محەممەدعەلی موەحیدی کرمانی بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە جارێ ئێش و ئازارەکانی کارەساتی مینا، ساڕێژ نەبوون ، وتی: بێتوو ئاسایش دابین نەبێت، حەج واجب و فەڕز نییە.

سەرپەیڤ