ڕێزگرتنی ئیمام جومعەی کاتیی تاران لە ئامادەبوونی بەربڵاوی خەڵکی ئێران لە هەڵبژاردن
خەتیبی نوێژی هەینی تاران ئامادەبوونی بەربڵاو وبەشکۆی خەڵکی ئێران لەبەردەم سندووقەکانی دەنگدانی بە گرینگ وەسف کرد .
ئایەتوڵڵا محەممەد عەلی موەحیدی کرمانی لە خوتبەکانی نوێژی ئەم حەوتەیەی نوێژی هەینی تاران بە ئاماژەدان بە بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و ئەنجومەنی ئیسلامی شار و گوندەکانی ئێران فەرمووی : خەڵکی ئێران لە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان، بەشێوەیەکی ئازاد و هاوڕێ لەگەڵ ئاسایشی تۆکمەوتەواو ئامادە بوونە کە ئەم پرسە زۆر گرینگە.
ئیمام جومعەی کاتیی تاران وتیشی : ئاسایش و ئازادیی تۆکمەوتەواوی ئێران لەحاڵێکدایە کە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لە ئاڵۆزی دان و ئەوان لە ئازادی ئێستای ئێران سەریان سووڕماوە و بە هیوای دامەزرانی ئاسایشێکی وەک ئاسایشی ئێرانن.
موەحیدی کرمانی وتیشی : هێوری، ئاسایش و ئازادیی ئێران لە سای یەکێتی، ئیمان و ورەی شۆڕشگێڕانەی گەلی ئێران بە دەست هاتووە .
ناوبراو هەروەها لەسەر بەهێزبوونی توانایی سەربازی و بەرگرییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگری کرد و وتی: هێزەچەکدارەکان دەورێکی زۆر گرینگیان لە پاوەجێیی ئێران هەیە.
ئایەتوڵڵا موەحیدی کرمانی هەروەها سەرکەوتنی هێزی حەشدی شەعبی و سوپای ئێراق و سوریایان لەبەرامبەر تاقمە تیرۆریستییەکان لە گەل و دەوڵەتی ئەم وڵاتە پیرۆزبایی کرد .
ئیمام جومعەی کاتیی تاران لە کۆتایی دا ئاماژەی کردە بێزلێکراوەتی سەرۆکی ئەمریکا لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەم وڵاتە و وتی : سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ داکوکی کردن لە تاقمە تیرۆریستییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ڕژێمی زایۆنیستی بووەتە هۆی داماوی و پەستی واشینگتۆن لە جیهان .