May 20, 2017 16:36 Asia/Tehran
  • دوائەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئێران

بەپێی ڕاگەیاندنی دوا ئەنجامی دوازدەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئیسلامیی ئێران، حەسەن ڕوحانی بەربژاری ئەم هەڵبژاردنە بەزۆرتر لە 23 ملوێن دەنگ، جارێکی تر بوو بە سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران .

عەبدوڕەزا ڕەحمانی فەزلی  وەزیری ناوخۆی ئێران  کەمێک لەمەوبەر لەنێو کۆڕی  پەیامنێران دا وتی : لەسەرجەم  41 ملوێن و 220 هەزار  و 131 دەنگ، حەسەن روحانی   23 ملوێن و 549 هەزار و 616 دەنگی بە خۆی تەرخان دا و جارێکی تر  بووبە  سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران  .

رەحمانی فەزلی وتیشی : لەم خولەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری سەید ئیبراهیم رەئیسی سادات، پازدە ملوێن و 786  هەزار و 449 دەنگ، مستەفا ئاقا میرسەلیم 478 هەزار و 215 دەنگ و مستەفا  هاشمی تەبا ش  215 هەزارو 450 دەنگیان بە دەست هێنا.

دوازدەهەمین  خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکانی ئیسلامی شار و گوند لە ئێران ڕۆژی ڕابردوو لە ئێران  و 102 وڵاتی جیهان بەڕێوە چوو  .

حەسەن روحانی ، سەید ئیبراهیم  رەئیسی سادات ، مستەفا ئاقا میرسەلیم و مستەفا هاشمی تەبا چوار بەربژاری  دوازدەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئێران بوون .

56 ملوێن و 410 هەزارو 234 ئێرانی  خاوەن مەرجی دەنگدان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری  و ئەنجومەنی ئیسلامیی  شارو گوند بوون  کە بەشداری زۆرتر لە سەتی حەفتا و ئامادەبوونی زۆرتر لە چل ملوێن  کەس لەم هەڵبژاردنە ڕاگەیەندراوە.