ته‌مووز 17, 2017 13:06 Asia/Tehran
  • ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی پاڵپشتی لە تیرۆریزم لەناوچەدا

وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەمریکای بە هۆکاری سەرەکیی پشتیوانی لە گرووپە ڕەشەکوژەکان و تیرۆریزمی دەوڵەتی لەناوچەدا ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، سەرداری سەرتیپ سەید مەسعوود جەزاییری وتی: ئەمریکا هەوڵ دەدات بە بەراوەژوو کردنەوەی چەمک و واتای تیرۆریزم و بەستنەوەی بە گرووپە خۆڕاگرەکان، ئامانجەکانی لەناوچەدا مسۆگەر بکات.

سەرتیپ جەزاییری بەئاماژە بەوەی کە سەنەد و بەڵگەکان پێشاندەری بەدیهاتن یان بەهێزکرانی گرووپە ڕەشەکوژەکان لەلایەن ئەمریکاو ئینگلیزە، وتی: گشت ئەو رژیمانەی یارمەتی تیرۆریستانیان داوە لە ئێراق و سووریا، تووشی کێشەو ئاستەنگ وگرفتگەلێک بوون کە لەداهاتوودا ئەو گرفتانەیان زیاتریش دەبێ و ئەو یاسایە ئەمریکاش دەگرێتەوە.

وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران پێی داگرت: بۆ پێش گرتن بە هاتنەدی هاوپەیمانی سەربازیی ئاسایشی عەرەبی-زایۆنیستی، کۆمەڵگای مەزنی عەرەبی لە ناوچەو سەرانسەری جیهان دەبێ لەسەر تەوەری ئازادکرانی سەرزەوینی فەلەستین و داکۆکی زیاتر لە گرووپە خۆڕاگرەکانی ناوچە، ڕەوتێکی نوێ لە بەرەنگاربوونەوەی زێدەخوازییەکان و دەسدرێژکاریی ئەمریکاو زایۆنیزم دەس پێ بکەن.

سەرتیپ جەزاییری وتیشی: ئەمریکا هەرچەندە هەوڵ بدات سیمای گەورە تیرۆریست واتە رژیمی زایۆنیستی بەئەرێنی پێشان بدات و یان لەڕێی ترساندن لە ئێران، داگیرکرانی فەلەستین لەبیربکات، دەبێ ئاگادار بێ کەئەو پرسە قەت لەچاوی نەتەوەکان، شاراوە نامێنێ.

وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران هەروەها وتی: بەدان پێدانانی کارناسانی سەربازی، گرووپە خۆڕاگر و فەلەستینییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی رژیمی زایۆنیستی، سەرکەوتنی یەکجاریی دەبێ.