ئه‌یلوول 14, 2017 09:21 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە بەیاننامەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەب

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی داگرت: هەڵوێست نواندنی ناژیرانەو نادروست دەبێتە هۆی بەدیهاتنی کەلێنی زیاتر لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەو زیاتر دوور کەوتنەوەیان لە یەکتر.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ بەهرام قاسمی ئێوارەی چوارشەممە لە کاردانەوە بە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەب، هێنانە ئارای هەندێ بانگەشە لەمەڕ دوورگە ئێرانییەکانی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند: هەڵوێست نواندنی ناژیرانە و نابەرپرسانە دەبێتە هۆی زیاتر لێک دوور کەوتنەوەی وڵاتانی ناوچەکە و دواکەوتنی پرۆسەی هاوکارییەکی ئامانجداری ناوچەیی.

قاسمی بە ڕەت کردنەوەی بەیاننامەی کۆتایی سەد و چل و شەشەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆماری عەرەب لە قاهیرە و قسە و لێدوانەکانی نوێنەرانی ئیمارات و کوەیت سەبارەت بە دوورگە ئێرانییەکانی "ئەبوموسا"، تونبی گەروە و تونبی بچووک، ئەم چەشنە هەڵوێست گرتنانەی سەرچاوەگرتوو لە ڕق و دوژمنایەتی سیاسی و باش تێنەگەیشتن لە راستییە مێژوییەکان زانی.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها بە ڕەت کردنەوەی تۆمەتە بێ بنەماکانی نوێنەری کوەیت دژ بە ئێران لەم کۆبوونەوەیەدا وتیشی: وێدەچی دووپات کردنەوەی ئەم چەشنە تۆمەتە بێ بنەما و بێ کەڵکانە بە سەرنج دانی کەشی ئاڵۆزی زاڵ بە سەر کۆبوونەوەی ڕۆژی ڕابردووی کۆمکاری عەرەب، زیاتر لە پێناو بەلاڕێدا بردنی بیر و ڕای گشتیی لە ڕاستییەکانی ئێستای ناوچەکە بێ.

بەهرام قاسمی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: بەیاننامەی دەرکراو نموونەی زەق و بەرچاوی دەستێوەردان لە کار و باری ناوخۆیی وڵاتانی دیکەیە و ئێمە بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە هەنگاوی یاسایی و پێویست لە چوارچێوی وڵاتی خۆمان هەڵدەگرین، هێنانە ئارای ئەم چەشنە بانگەشانە سەبارەت بە دوورگە ئێرانییەکان بە توندی ئیدانە دەکەین و بڕگەکانی ڕەت دەکەینەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی داگرت: سیاسەتی بنەمایی و بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس، ڕێزدانان بۆ دراوسێ، ڕێزدانان و خۆوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکە و بایەخ دان بە راستییە مێژویی و مافەوانییەکان و هەروەها لەبەرچاو گرتنی باروودۆخی هەستیاری ئێستای ناوچەیە.