ئه‌یلوول 14, 2017 09:24 Asia/Tehran
  • قاسمی: بەستنەوەی تەقینەوەکەی چەن ساڵ لەمەوبەری ئارژانتین بە ئێران پیلانێکی زایۆنییە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئیدانە کردنی تەقینەوە تیرۆریستییەکەی چەن ساڵ لەمەوبەری پێتەختی ئارژانتین، ئەو تۆمەتانەی لەم بارەوە خراوەتە پاڵ شارومەندانی ئێرانی، بە پیلانێکی زایۆنییەکان دژ بە ئێران زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ بەهرام قاسمی شەوی پێنجشەممە بە ئیدانە کردنی بانگەشە دووپات کراوە و بێ بنەماکانی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی لەمەڕ ئەوەی کە ئێران دەستی بووە لە تەقینەوەکانی چەن ساڵ لەمەوبەری "بوئنوس  ئایرێس"ی پێتەختی ئارژانتین، وتیشی: زایۆنییەکان و مافیای دەسەڵات لە ئارژانتین هەوڵ دەدەن هۆکارانی ڕاستینەی ئەو کردەوەیە لە سزادران ڕزگار بکەن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: ئامانج لە بانگەشەی زایۆنییەکان سەبارەت بە تەقینەوەکەی ساڵی ١٩٩٤ لە ناوەندی  جولەکەکاندا لە ئارژانتین، دوور خستنەوە و لادانی بیر و ڕای گشتی لە جەنایەتە ڕوو لە پەرەکانی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی لە بواری بنپێ کردنی مافی مرۆڤ لە فەلەستینی داگیرکراودایە.

قاسمی وتیشی: ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی دەکەین  هەنگاوێکی لێبڕاوانە هەڵگرێت لە پێناو کۆتایی هێنان بە کوژرانی کەسانی بێ تاوان لە فەلەستینی داگیرکراو، بنپێکرانی مافی سەروەریی نیشتمانیی لوبنان و سووریا و دەسدرێژیی بێ بڕانەوە بۆ سەر وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی و هەروەها داکۆکی لە ڕەوتی تیرۆریزمی دەوڵەتی لە لایەن سەرانی ئەم ڕژێمە منداڵکوژەوە.

لە بۆمبنانەوەکەی ساڵی ١٩٩٤ لە باڵاخانەی کەلتووریی جولەکەکان لە بوینوس ئایرێسی پێتەختی ئارژانتین، پتر لە ٨٥ کەس کوژران و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون. پاش ئەو ڕووداوە ڕژێمی زایۆنی و ژمارێک دەوڵەت و باڵی هاوهەڵوێستی ئەم ڕژێمە بۆ لادانی بیر و رای گشتی لە جەنایەتەکانی ئیسراییل لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستیندا، ئێرانیان بە دەستێدابوون لەم ڕووداوە تۆمەتبار کرد.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێران ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری کردنی ئارژانتین  لە بواری دەرکەوتنی راستییەکان و دۆزینەوەی هۆکارانی ڕاستینەی ئەم ڕووداوە دەربڕیوە.

سەرپەیڤ