ئه‌یلوول 14, 2017 09:57 Asia/Tehran
  • زەریف: پوتین هۆگری پەرەپێدانی پێوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێرانە

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: سەرۆک کۆماری ڕووسیا هۆگری پەرەپێدانی پێوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێرانە و پێوەندییەکانی ئێستا پوتانسییەلی ئەوەی هەیە زیاتر پەرە بستێنێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا بە گێڕانەوە لە نووسینگەی راگەیاندنی کۆشکی کرێملین؛ "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارەی چوارشەممە پاش دیدار لەگەل "ڤیلادمیر پوتین" سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە شاری سوچی بە هەواڵنێرانی وت: لە وتووێژ لەگەڵ سەرۆک کۆماری ڕووسیا پێداگری کرا بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش بۆ دانوستان نابێ و ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتییە و هەموو لایەنەکان دەبێ پێبەند بن بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشەوە.

زەریف هەروەها راشکاوانە ڕایگەیاند: هاوکارییەکەی باش لە نێوان ئێران و ڕووسیا بۆ دامەزراندنی ئاسایش و هێوری لە سووریادا لە ئارادایە کە هیوادارین لە کۆبوونەوەی دانوستانەکانی ئاشتی سووریادا لە شاری ئاستانەی پێتەختی کازاخستان، سەرکەوتنێکی زیاتر بۆ دامەزراندنی ئاسایش و دەسپێ بوونی پرۆسەی سیاسیی لە سووریا بە دەست بێ.

وەزی دەرەوەی ئێران لەگەڵ "سێرگەیی لاڤرۆف"ی وەزیری دەرەوەی ڕووسیایش دیداری کرد و لەو دیدارەدا ڕووداو و گۆڕانکارییە گرینگەکانی ناوچەی خستە بەر باس و لێکدانەوە. لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەم دیدارەدا پێی داگرت لە سەر ئەوەی کە ئێران پێبەند بووە بە هەموو ئەرک و بەڵێنەکانی بەرامبەر بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی ئەتۆمی.

وەزیری دەرەوەی ئێران سەر لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە بە مەبەستی دیدارو وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕووسیا خۆی گەیاندە شاری "سووچی" کە هاوینەهەواری فەرمیی "ڤیلادمیر پوتین" لەوێدایە.

سەرپەیڤ