ئه‌یلوول 14, 2017 13:49 Asia/Tehran
  • پێداگریی ڕووسیا لە سەر پێبەند بوونی ئێران بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش

"سێرگەیی لاڤرۆف"ی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا پێداگری کرد لە سەر ئەوەی کە "چالاکیی ئەتۆمیی ئێران" بە پێچەوانەی بانگەشەکانی واشینگتۆن ، هەر هەمووی لەگەڵ بڕگەکانی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش دێتەوە و هیچ دژایەتییەک لە ئارادا نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی سپۆتنیک، لاڤرۆف" ڕۆژی چوارشەممە پاش دیدار لەگەڵ "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سوچی ڕووسیا وتی: ئێران پێبەند بووە بە هەموو ئەرک و بەڵێنەکانی هەر بەو لەونەی کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی چاوەڕێی کردووە.

بە وتەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا؛ "یوکیا ئامانۆ"ی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی تا ئێستا بەردەوام پێبەند بوونی ئێران بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی پشت ڕاست کردۆتەوە.

"یوکیا ئامانۆ"ی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە لە دەسپێکی کۆبوونەوەی وەرزانەی بڕیاردەرانی ئاژانس لە ڤییەنا، دیسان جەختی کرد لە سەر ئەوەی کە ئێران پێبەند بووە بە هەموو بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ گرووپی ١+٥.

ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و گرووپی ١+٥ بریتی لە وڵاتانی (ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانسا، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە چووەتە قۆناغی جێبەجێ کرانەوە ، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی گرووپی ١+٥، بەردەوام لە سەر ڕێگای جێبەجێ کرانی ئەو ڕێککەوتنەدا تەگەرە دەنێتەوە.