تشرینی یه‌که‌م 12, 2017 21:13 Asia/Tehran
  • بەڕێوە چوونی ڕێ و ڕەسمی ڕێزنان لە کەسایەتیی جەلال تاڵەبانی لە تاران دا

ڕێ و ڕەسمی ڕێزنان لە کەسایەتیی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە مزگەوتی گەورەی شارۆچکەی قودسی تاران بەڕێوە چوو.

لەم ڕێ و ڕەسمەدا کە لە لایەن نوێنەرایەتیی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق لە تاران ، دامەزراوەکانی هاوپەیوەند بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، قەرارگای ڕەمەزانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و کوردەکانی دانیشتووی تاران بەڕێوە چوو، کۆمەڵێک لە کەسایەتییە لەشکری و حکومەتییەکانی ئێران و هەروەها بەرپرسانی باڵوێزخانەی عێراق لە تاران تیای بەشدار بوون.

حسەین شێخولئیسلام ڕاوێژکاری وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم ڕێ و ڕەسمەدا وێڕای ئاماژە کردن بە ڕەهەندە جۆربەجۆرەکانی کەسایەتیی جەلال تاڵەبانی وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام لە تەگبیر، ئاوەزمەندی و ڕاوێژەکانی بەڕێزی بۆ بەرز کردنەوەی ئاست و ژمارەی یارانی شۆڕشی ئیسلامی و گەلی مەزنی عێراق بەهرەی وەردەگرت.

لەم ڕێ و ڕەسمەدا هەروەها پەیامی موحەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە، ئایەتوڵڵا هاشمیی شاهرودی سەرۆکی کۆگەی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ئیسلامی و عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران بۆ کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی خوێندرایەوە.

جەلال تاڵەبانی ناسراو بە مام جەلال سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی عێراق لە ساڵی 1933 لە نزیکی شاری هەولێر لە دایک بوو. بەڕێزی یەکەم سەرۆک کۆماری غەیری عەرەبی عێراق بوو کە لە ساڵی 2005ەوە دوو ساڵ دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی عێراق بۆ ئەم پۆستە هەڵبژێردرا.

ئەم ڕێبەرە خەباتکارو شۆڕشگێڕەی دژی دیکتاتۆرییەتی سەددام کە دوای پێکهاتنی نیزامی سیاسیی تازە لە عێراق دا ڕۆڵێکی گرینگی لە یەک خستنی ئەم وڵاتەدا گێڕا، دوای چەندین ساڵ نەخۆشی سەرەنجام ڕۆژی سێ شەممەی سێهەمی ئۆکتۆبەر لە تەمەنی 84 ساڵی دا لە ئاڵمانیا کۆچی دوایی کرد.

ڕێ و ڕەسمی بەڕێ کرانی تەرمی جەلال تاڵەبانی ڕۆژی هەینی شەشەمی ئۆکتۆبەر لە شاری سلێمانیی کوردستانی عێراق بەڕێوە چوو.

موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە نوێنەرایەتیی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ڕێ و ڕەسمی بەڕێ کردنی تەرمی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق دا بەشداریی کرد.

 

سەرپەیڤ