تشرینی یه‌که‌م 13, 2017 13:49 Asia/Tehran
  • بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش؛ ئێران لە ئاستێکی بەهێزتر، ئەمریکا سەرلێشێواو

هاوکات لەگەڵ نزیک بوونەوەی کاتی وتاردانەکەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە ئێران و ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئەم وڵاتە و وڵاتانی ئەندامی گرووپی پێنج کۆ یەک (بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش)، سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران وتی؛ بەرپرسانی ئێرانی سەبارەت بە ستراتژیی ترەمپ هیچ نیگەران نین و بۆ هەرچەشنە هەنگاوێکی دەوڵەتی ترەمپ تەگبیری شیاو لەبەرچاو گیراوە.

بە پێی ڕاگەیاندنی وتەبێژی کۆشکی سپی؛ ترەمپ شەوی شەممە بە کاتی تاران (20:15) ستراتژیی دەوڵەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران و ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئەم وڵاتە و وڵاتانی ئەندامی گرووپی پێنج کۆ یەک (بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش) ڕادەگەیەنێ. بەشێکی وتاردانەکەی ترەمپ سەبارەت بە سیاسەتە ناوچەییەکانی ئێرانە و بەشێکی دیکەی سەبارەت بە هەڵوێستەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشە. سەبارەت بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش نیشانەکان باس لەوە دەکەن کە ترەمپ پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پشت ڕاست ناکاتەوە و ئەم مەسەلە دەخاتە ئەستۆی کۆنگرێسی ئەمریکا. دەوڵەتی ترەمپ هەوڵ دەدات بە هاوکاریی کۆنگرێس زەخت و زۆرێکی زیاتر سەبارەت بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش بگرێتە بەر و سوودە ئابوورییەکانی بۆ ئێران کەم بکاتەوە.

 لە بەشێکی دیکەی وتاردانەکەی ترەمپدا، تەوەرەی سەرەکیی وتارەکە سیاسەتی ناوچەیی ئێران دەبێ کە  بە پشت بەستن بە پرۆژەی کۆن و دووپات کراوە و بێ کەڵکی ترساندن لە ئێران، شکستەکانی ئەمریکا و داکۆکیکارانی لە ناوچەکە لەهەمبەر ئێران بشارێتەوە. ئەمریکا بە تێپەڕینی شەش ساڵ لە قەیرانی سووریا، نەیتوانیوە بگاتە ئامانجەکانی خۆی. شکستی ئەمریکا لە سووریا، ئامانجی درێژماوەی ئەمریکاییەکان لە ناوچەی ستراتژیکی ڕۆژاوای ئاسیای پووچەڵ کردۆتەوە و هەر بۆیە تووڕەن و هەوڵ دەدەن بە هێنانە ئارای بانگەشەی بێ بنەما، گوشارەکانی دژ بە ئێران زیاتر بکەن.
هەر لەم بوارەدا "حسێن موسەویان" توێژەری باڵای زانکۆی "پرینستۆن"ی ئەمریکا ڕۆژی پێجنشەممە لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئەلجەزیرە سەبارەت بە پەرەسەندنی دوژمنایەتیی دەوڵەتی ئەمریکا  لەگەل ئێران وتی: سەرچاوەی ئەو دوژمنایەتییە دەگەڕێتەوە بۆ سەرکەوتنی پەیتاپەیتای ئێران لە هەمبەر ئەو تیرۆریستانەی کە ئەمریکا پاڵپشتییان دەکات لەوان داعش."

جگە لەوە لە گۆرەپانی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشیشدا ئێران ئێستاکە لەهەمبەر دەوڵەتی ترەمپ لە ئاستێکی بانتر و بەهێزتردایە. ئەمریکا نەبێ، وڵاتانی دیکەی ئەندامی گرووپی پێنج کۆ یەک هەر هەموویان پشتیوانییان کردووە لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش و ترەمپ بۆ راگەیاندنی بڕیاری نوێی خۆی لەهەمبەر ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییە نێودەوڵەتییە تەنیایە. هەر بۆیە "عەلی لاریجانی" سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران ئێوارەی پێجنشەممە لە کۆڕی هەواڵنێراندا لە تاران وتی: پێم وانەبێ هەڵویستەکانی دەوڵەتی ترەمپ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بایەخی پێ بدرێ".
هەر لەم چوارچێوەیەدا "فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا و "زیگمار گابرییەل" وەزیری دەرەوەی ئەڵمان چوارشەممە و پێنجشەممە لە وتووێژی تەلەفوونیاندا لەگەڵ ''محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختیان کرد لە سەر پێویستیی پێبەند بوونی هەموو لایەنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش.

ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی پێنج کۆ یەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەن کراوە و ڕێککەوتن و پەیمانێکی نێودەوڵەتییە و ئەمریکا بە شێوەی یەک لایەنە ناتوانێ لەو پەیمانە بچێتە دەرەوە. مێکانیزمی پێبەندیی ئێران بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشیش یاسای ناوخۆیی ئەمریکا نییە کە ترەمپ لە وتاردانەکەی ڕۆژی هەینی و راپۆرتی ١٥ی ئۆکتۆبەری خۆیدا بە هێنانە ئارای داخوازی واوەتر لە بازنەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بڵێ ئێران ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی بنپێ کردووە. پێبەند بوونی ئێران بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش لە هەشت ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا پشت راست کراوەتەوە.

ئەنجامەکەیشی ئەوەیە کە بە سەرنج دانی باروودۆخی گۆرەپانی نیودەوڵەتی و داکۆکیی هەموو خەڵکی جیهان لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش و پشت راست کرانەوەی پێبەند بوونی ئێران بەم ڕێککەوتنە  ئەتۆمییە، ئێران لە ئاستێکی بانتر و بەهێزتر لە ئەمریکایە و لە هەمبەر بڕیاری دەوڵەتی ترەمپ سەبارەت بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، هەر نیگەران نییە. ئێران لە پیشەسازیی ئەتۆمیدا پێشکەتون و پرۆسەی توێژینەوە و گەشانەوەیەکی باشی هەبووە و بە چوونەدەری شیمانەیی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئێران باشتر لە رابردوو درێژە دەدات بە بەرنامەی ئاشتیانەی ئەتۆمیی خۆی.

لە باسی کاریگەریی بڕیاری نوێی ترەمپ لە سەر خاڵە ئابوورییەکانی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشیش  بە سەرنج دانی هەڵوێستی ڕاگەیەندراوی وڵاتانی ئەورووپایی، ئەوان هێشتایش هەر خوازیاری بەردەوام بوونی هاوکاریی ئابوورییان لەگەل ئێرانن. جگە لەوە کەڵک وەرگرتنی تۆکمە و تەواو لە سیاسەتەکانی ئابووریی خۆڕاگرانە، ئابووریی ئێران بە بێ هیچ کێشە و گرفتێک درێژە دەدات بە ڕێگا و ڕێبازی خۆی.

 

سەرپەیڤ