تشرینی دووه‌م 13, 2017 13:23 Asia/Tehran
  • پەیامی هاودەردیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە بارەی بوومەلەرزەکەی ئێران و عێراقەوە

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان وێڕای هاودەردی دەربڕین لە گەڵ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی ئێران و عێراق لە سەر ئامادە بوونی ئەم ڕێکخراوەیە بۆ یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوان پێی داگرت.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، ستیفان دوجاریک وتەبێژی ئانتۆنیۆ گوتریش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک باسی ئامادە بوونی ئەم ڕێکخراوەیەو نووسینگەی ڕێکخستنی کاروباری مرۆڤ دۆستانەی ڕێکخراوەی نەتەوەکانی کرد بۆ بەشداری کردن لە هەڵمەتی فریاکەوتن و یارمەتی دانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی ئێران و عێراق.

بوومەلەرزەیەکی حەوت پۆیینت سێ ڕیختەری لە کرماشان لە ڕۆژئاوای ئێران و سلێمانی لە باکووری عێراق دا ڕووی دا کە بە قسەی کاربەدەستان هەتاکو ئێستاتەنیا لە ئێران دا 328 کوژراوو 2504 برینداری لێ کەوتووەتەوە.

بەرلەمەش گەری لوییس ڕێکخەری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە ئێرانیش ڕوودانی ئەم کارەساتەی لە دەوڵەت و جەماوەری ئێران سەرەخۆشی کرد.

جاستین ترۆدۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەداش لە توویتێکدا لەگەڵ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی دوێنێ شەوی ناوچە سەرسنوورییەکانی ئێران و عێراق هاودەردی دەربڕی.

بوومەلەرزەکەی دوێنێ شەو جیا لە بەشگەلێکی ڕۆژئاوای ئێران و شارە جۆربەجۆرەکانی عێراق، ناوچەگەلێکی وڵاتانی تورکیا، ئەرمەنستان، کوەیت، عەرەبستان و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکانیشی هەژاند.

سەرپەیڤ