کانونی دوھەم 10, 2018 21:00 Asia/Tehran
  • ناس کردن و گرتنی کۆمەڵێک لە بەکرێگیراوانی تیرۆریستی و دژی شۆڕش لە ئێران

ھێزە ئاسایشتییەکانی ئێران لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو توانییان ژمارەیەک لە ئەندامانی تیرۆریستی و دژە شۆڕش کە ڕۆڵێکی کارایان لە تێوەگلاندنی ناڕەزامەندییەکانی جەماوەری ئێران دا ھەبوو ناس بکەن و قۆڵبەستیان کەن.

بنکەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئیتیلاعاتی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند:ھێزە ئاسایشتییەکانی ئێران لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو توانییان بە پێ و شوێنگرتنی زانیارییەکان و بەھرە وەرگرتن لە ڕاپۆرتە ئاسایشتییەکانی خەڵک، کۆمەڵێک لە ھۆکارانی ئاژاوەو تێکدان و کوشت و بڕی خەڵک و فەرمانبەرانی ھێزی ئینتیزامیی ئێران بە چەکی ساردو گەرم، تێک و پێکدان و دزینی سامانی گشتی و شێواندنی ڕێکمەندی و ئاسایشتی گشتیی کۆمەڵگا قۆڵبەست بکەن.

ئەم ڕاپۆرتە زیاتری ڕاگەیاندووە: ھێزە ئاسایشتییەکانی ئێران تیمێکی تیرۆریستیی لە سەردەشت کە بە مەبەستی کردەوەی تیرۆریستی لە سنوورەکانی ڕۆژئاواوە ھاتبووە نێو وڵاتەوە ناس کردو تەفروتونای کرد و یێ چەک و بڕێکی زۆر کەرەستەی سەربازیی لێ گرتن.

ناس کردنی بنکەیەکی تێکدەرانە و گرتنی سێ کەسی سەر بە تاقمە دژە شۆڕشەکانی سەقامگرتووی ئەورووپا کە سەرقاڵی چێکردنی تەقەمەنی بوون، گرتنی ئەندامانی سەرەکیی گروپێکی ئاژاوەگێڕ لە شارستانی ئیزەی باشووری ئێران و ڕاپێچ کردنی چەندین کەس لە دەست و پێوەندەکانی دژی شۆڕش، لەو چالاکییانەی دیکەی وەزارەتی ئیتیلاعاتی ئێران بووە.

لە ٢٨ی دیسامبەری ٢٠١٧ەوە، بۆ ماوەی چەند ڕۆژ کۆمەڵێک لە خەڵک لە چەند شارێکی ئێران دا بە بەرپاکردنی کۆبوونەوەو هەڵدانی دروشمگەلێک، بەرامبەر بە ناڕوون بوونی چارەنووسی ئەو کەسانەی وا لە لایەن دامەزراوە دراڤییەکانەوە زیانیان وێ کەوتووەو هەروەها بۆ کاردانەوە پیشاندان لە ئاستی گران بوونی بڕێک لە کاڵاو شت و مەکەکان و لاواز بوونی چاودێریی دەوڵەت بە سەر دیاردەی گرانی دا ناڕەزامەندییان دەربڕی، بەڵام ئەو هەلپەرست و ئاژاوەچییانەی وا لە لایەن هێندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و عەرەبی و ڕژێمی زایونییەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، کۆبوونەوەی ئاشتی خوازانەی خەڵکیان تووشی ئاژاوەو توندوتیژی کرد.

گەلی ئێران لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە کاردانەوە بەرامبەر بە هەلپەرەستیی ئاژاوەچییان، ڕێپێوانێکی بەربڵاوو خۆڕسکیان لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران بەڕێوەبردو ڕق و بێزاریی خۆیانیان بەرامبەر بە پیلانی تازەی دوژمنان و هەلپەرستانی ئاژاوەگێڕ لەمەڕ تێک و پێکدانی ماڵ و سامانی گشتیی وڵات ڕاگەیاند.

سەرپەیڤ