کانونی دوھەم 13, 2018 08:11 Asia/Tehran
  • ترەمپ، ماوەی هەڵپەساردنی بایکۆتە ناڤۆکییەکانی دژ بەئێرانی نوێ کردەوە

سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە تائێستا دووجار هەڵپەساردنی بایکۆتە ناڤۆکییەکانی ئەمریکا دژ بە ئێرانی مۆرکردووە، جارێکی دیکە بەڕاگەیاندنی ناڕەزایەتی لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام)، ماوەی هەڵپەساردنی ئەو بایکۆتانەی نوێ کردەوە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، کۆشکی سپی دوێشەو بەڕاگەیاندنی ئەوەی کە ترەمپ بۆ دواجارە کە هەڵپەساردنی بایکۆتەکان و پشت ڕاست کردنەوەی بەرجام مۆر دەکا، ئیدیعای کرد: بێتوو چاکسازیی پێویست و جێی سەرنجی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە پەرەی چاودێرییەکان و پەیوەست کرانی پرسەکانی هاوپێوەند بە بەرنامەی مووشەکیی ئێران بە بەرجام لەبەرچاو نەگیردرێ، ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە دەکشێتەوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ بڕیاری ترەمپ، لە کردەیەکی دوژمنکارانەدا ١٤کەسایەتی و دەزگەی بەبیانووی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ و بەرنامەی مووشەکیی ئێران خستەسەر پێڕستی بایکۆتەکانی.

بەپێی پەسەندکراوەی کۆنگرەی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە هەر نەوەد ڕۆژ جارێک دەبێ پێبەندبوونی ئێران بە بەرجام پشت ڕاست بکاتەوە.

نوێکرانەوەی دووبارەی هەڵپەساردنی بایکۆتە ناڤۆکییەکان دژ بەئێران لەکاتێکدایە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە لە دەقی بەرجامدا وەک تەنیا ناوەندی شیاو بۆ چاودێری بەسەر کردەوەی ئێران ناسراوە، تائێستا نۆ جار پێبەندبوونی تاران بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی پشت ڕاست کردۆتەوە.

بەپێی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی ناڤۆکیی کە لەساڵی٢٠١٥ لەنێوان ئێران و گرووپی پێنج کۆیەک بریتی لە؛ ئەمریکا، ڕووسیا، چین، ئینگلیز، فەڕانسەو ئاڵمان، مۆرکرا، ئێران بەشێک لە چالاکییە ناڤۆکییەکانی بەرتەسک کردەوەو لەهەمبەردا، ئەمریکا بەڵێنی دا، بایکۆتە ناڤۆکییەکانی دژ بەئێران، هەڵوەشێنێ.

لەڕاستیدا ئەمریکا بەبیانووی تەگەرەنانەوە لەبەردەم بەرنامەی مووشەکیی ئێران کە لایەنی بەرەڤانیی هەیە، ئیدیعا دەکا کە ئێران بەرجام(ڕێککەوتنی ناڤۆکی) ی بەزاندووە، ئەوە لەکاتێکدایە کە یەکێتیی ئوروپاش چەندین جار بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە پرسە ناوچەیی ومووشەکییەکان بەدەر لە چوارچێوەی بەرجامن، جەختی کردووە لەسەر پێویستیی پێبەندبوونی هەموو لایەنەکان بە ڕێککەوتنە ناڤۆکییەکە بەمەبەستی پاراستنی.

عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ماوەیەک لەمەوبەر لەپەیوەندییەکی تەلەیفونی لەگەڵ یوکیۆ ئامانۆ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی وێڕای وشداریدان لەبارەی شوێنهاتەکانی پەیمان شکێنی و بەزاندنی شیمانەیی بەڵێنەکانی هاوپێوەند بە بەرجام لەلایەن ئەمریکاوە، پێی داگرت: بێتوو ئەمریکا بەڵێنییەکانی جێ بەجێ نەکات، کۆماری ئیسلامیی بڕیاردەدا کە دەتوانێ شوێندانەربێ لە سەر ڕەوتی ئێستای هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی.