کانونی دوھەم 13, 2018 10:58 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی نوێکرانەوەی بەرجام و هەندێ بایکۆت و گەمارۆی نوێ لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمییدا ڕایگەیاند: سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەرباری هەوڵی یەکساڵانی بۆ لەبەین بردنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی، جارێکی دیکە دەقی بەرجامی مۆرکرد و نوێی کردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوێنێ هەینی بەدەرکردنی بەیاننامەیەکی فەرمی، ڕایگەیاند: پتەوبوونی لە ناوەوەی  بڕگەکانی بەرجام و داکۆکیی جیهانی لەو ڕێککەوتنە، ڕێگای لەسەر هەوڵەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، رژیمی زایۆنیستی و یەکگرتوویی ناموبارەکی توندڕەوانی شەڕخواز بۆ هەڵوەشاندنی ئەو ڕێککەوتنە یان گۆڕانی بڕگەکانی، قەپات کردووە.

لەو بەیاننامەدا هاتووە: سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەحاڵێکدا بەگوێرەی شێوازی یەکساڵی ڕابردووی خۆی درێژەی داوە بە کردە دوژمنکارانەکانی لەدژ خەڵکی ئێران و هەڕەشەو گوڕەشەکانی دووپات دەکاتەوە کە چەندین جار لە جێ بەجێ کرانیان، لاواز بووە و سست جوڵاوەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی هەڕەشەکانی ئەمریکاو زیادکردنی ناوی چەند کەسایەتی نوێ بە پێڕستی بایکۆتەکان، ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی هەردەم لەگەڵ ئەندامانی دیکەی هاوپێوەند بە پرسی بەرجام وکۆمەڵگای جیهانی بەجاران جەختی لەوە کردۆتەوە کە بەرجام، سەنەدێکی بەنرخی جیهانییەو بۆ دانوستانی دووبارە ناشێ.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیشی کرد: کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ هەوڵێک بەدەر لە بەڵێنییەکانی هاوپێوەند بە بەرجام، ئەنجام نادا، هیچ گۆڕانێک لەو ڕێککەوتننامەدا، نەئێستاو نەلەداهاتووشدا قەبووڵ ناکات، و ڕێگە نادات، هیچ پەیوەندییەک لەنێوان بەرجام و هەر بابەتێکی دیکەدا دابمەزرێ.

لەبەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە: حکومەتی ئەمریکا، وەک گشت ئەندامانی بەرجام ئەرکمەندە بە جێ بەجێ کردنی هەموو بەڵێنییەکانی و بێتوو بەبیانووی پڕووپووچ خۆببوێرێ لە جێ بەجێ کردنیان ، دەبێ بەرپرسایەتی شوێنهاتەکانی بەتەواوەتی قەبووڵ بکات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە تائێستا دووجار هەڵپەساردنی بایکۆتە ناڤۆکییەکانی ئەمریکا دژ بەئێرانی مۆرکردووە، جارێکی دیکە سەرباری ناڕەزایەتی لە ڕێککەوتنە ناڤۆکییەکەی ئێران(بەرجام) ، هەڵپەساردنی ئەو گەمارۆیانەی نوێ کردەوە.

سەرپەیڤ