کانونی دوھەم 13, 2018 14:04 Asia/Tehran
  • برووجردی: ئێران تۆزقاڵێک لە سیاسەتەکەی لەمەڕ پرسی مووشەکی ناکشێتەوە

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ئێران بەگوێرەی بەرژەوەندییە نیشتمانیەکانی بڕیاردەدا، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران، تۆزقاڵێک لە سیاسەتەکانی لەمەڕ توانای مووشەکی ناکشێتەوە.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)؛ عەلائەدین برووجردی دوێشەو(هەینی) لەکاردانەوە بە کردەی دوژمنکارانەی نوێی ئەمریکا لەمەڕ بایکۆتی١٤کەسایەتی و ڕێکخراوە بەبیانووی هاوپێوەند بوون بە بەرنامەی مووشەکیی ئێران، وتی: ئەو کردە نامەنتقییەی ئەمریکا ، لە نموونەکانی پێشێلکرانی بەرجامە چونکە واشنگتۆن دەستی کردووە بەسەپاندنی گەمارۆ و بایکۆتی نوێ.

واشنگتۆن دوێشەو(هەینی) هاوکات لەگەڵ نوێکردنەوەی هەڵپەساردنی بایکۆتە ناڤۆکییەکانی ئێران لە کردەیەکی نادادگەرانەو دوژمنکارانەدا یانزە کەس و ڕێکخراوی ئێرانی و کەسایەتییەک و دوو کۆمپانیای چینی بەبیانووی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بەرنامەی مووشەکیی ئێرانی خستەسەر پێڕستی بایکۆتەکانیان.

ئەمریکییەکان هەردەم ئیدیعا دەکەن، تاقیکارییە مووشەکییەکانی ئێران لەدژ بڕیارنامەی٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشە. ئەوە لەکاتێکدایە کە نەبیلە مسرالی وتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا لەم دواییەدا ڕایگەیاند، تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئێران ، پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی(بەرجام) نییە.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران وتی: توانای مووشەکی تەنیا ئامرازی پێشگرانەی ئێران لەهەمبەر هەڕەشەی دوژمنانە.

برووجردی وتیشی: ئەگەر ئەمریکییەکان درێژە بدەن بە کردەی نامەنتقی و دژبە بەرجام ، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەئاراستەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی و بە لەبەرچاو گرتنی ئەسڵی سوودوەرگرتنی ئاشتیانە لە وزەی ناڤۆکی، هەنگاوی پێویست هەڵدەگرێ.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران هەروەها داوای لە ئوروپییەکان کرد، لەهەمبەر بەزاندنی بەرجام لەلایەن ئەمریکاوە بێ دەنگ نەبن.

سەرپەیڤ