کانونی دوھەم 14, 2018 21:04 Asia/Tehran
  • ئێران ، سبەینێ ماتەمینیی گشتی ڕاگەیەندرا

دوابەدوای ڕوودانی کارەساتی پڕ لە داخ و مەخابنی نەوتھەڵگرەکەی ئێران و گیان بەخت کردنی کۆمەڵێک لە دەریاگەڕان و دەریادڵان، دەوڵەتی ئێران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک سبەینێ دووشەممە( ١٥ی ژانویە)ی وەک ڕۆژی ماتەمینیی گشتی ڕاگەیاند.

دەوڵەتی ئێران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای سەرەخۆشی کردن لە بنەماڵەی داخدارو چالاکانی پیشەی دەریاگەڕی و پیشەسازیی نەوتی وڵات و تەواوی گەلی ئێران،سبەینێ دووشەممە(١٥ی ژانویە)ی وەک ڕۆژی ماتەمینیی گشتی ڕاگەیاند.

شەشەمی ژانویە کەشتییەکی بارهەڵگری چینی_ هۆنگ کۆنگی لە گوێئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی چین بە نەوتهەڵگرێکی ئێرانی دا هەڵتەقی . ئەم ڕووداوە بووە هۆی تەقینەوەو ئاگرکەوتنەوە لە نەوتهەڵگرەکەی ئێران.

ڕێکخراوەی بەندەرەکان و دەریاگەڕیی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە نوقم بوونی نەوتهەڵگری ئێرانیی (سانچی) و گیان بەخت کردنی 32 کارگێڕی ئەم کەشتییەی پشتڕاست کردەوە. 30 کارگێڕی ئەم نەوتهەڵگرە ئێرانی و دووانیان بەنگلادیشی بوونە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە لە پەیامێک دا  داوای لە تەواوی دام و دەزگاکانی هاوپەیوەند لەوانە وەزارەتخانەکانی ڕێگاوبان و نەوت و کاروباری دەرەوەی ئێران کرد بە ئەنجام دانی هەوڵی کارناسانە، هۆی ڕوودانی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە بە وردی لێک بدەنەوەو پێ و شوێنگرتنی یاسایی پێویست بۆ پێشگرتن بە دووپات بوونەوەی ڕووداوگەلی لەم چەشنەو هەروەها وەرگرتنی مافی گەلی ئێران و بنەماڵەکانی ئەو گیان بەختکردووانە ئەنجام بدەن.