شوبات 13, 2018 18:22 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە کوەیت

محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشداربوون لە جڤینی نێودەوڵەتیی بنیات نانەوەی ئێراق سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە لەسەرووی شاندێکی سیاسی و ئابووری، تارانی بەرەو کوەیت بەجێهێشت.

جڤینی نێودەوڵەتیی بنیات نانەوەی عێراق ١٢ هەتا ١٤ فێڤرییەی٢٠١٨ بەمیوانداریی کوەیت بەڕێوە دەچێ.

بەقسەی بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، کۆماری ئیسلامی درێژە دەدات بە دەوری داکۆکیکارانەو سازندەی خۆی بۆ یارمەتیدان بەڕەوتی بنیات نانەوەو گەشەی ئابووریی عێراق.

قاسمی، عێراقی بە وڵاتی دراوسێ و دۆستی ئێران ناوبرد و وتی: تاران پێشوازیی دەکا لە بەڕێوە چوونی جڤینی نێودەوڵەتیی بنیات نانەوەی عێراق و هاوبەشیی کۆمەڵگای جیهانی لە ڕەوتی بنیات نانەوەی ئەو وڵاتە بەپێویست دەزانێ.

نوێنەرانێک لە زیاتر لە حەفتا وڵاتی جیهان و نزیک بە دوو هەزار کۆمپانیای سەرمایەنانەوە لە وڵاتانی جۆربەجۆر بەشداری جڤینی بنیات نانەوەی عێراق لە کوەیتن.

بەرپرسێکی عێراقی رۆژی دووشەممە ڕایگەیاند: وڵاتەکەی بۆ بنیات نانەوە پێویستی بە هەشتاو هەشت ملیاردو٢٠٠ملوێن دۆلار هەیە.

سەرپەیڤ