شوبات 15, 2018 16:19 Asia/Tehran
  • وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە: ئێران نەیاری پەرەسەندنی ئاڵۆزی و پێکدادان لە ناوچەکەیە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو وڵاتێکی مێژویی و ئاوەزخواز، سەقامدارو سەقامخواز، پێویستی بە تەشەنەپێدانی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکە نییە.

بەهرام قاسمی لە کاردانەوە بە هەڵوێستی دەوڵەتی ئەڵمان سەبارەت بە دەوری ئێران لە پەرەپێدانی کێشە و ناکۆکی لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی پاش کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی جەنگیی ئەم ڕژێمە لە سووریا وتی: ئەوە ڕژێمی داگیرکەر و دەسدرێژکاری زایۆنییە کە ئاسایش، پاوەجێی و هێوریی ناوچەکەی بەرەوڕووی مەترسییەکی قورس کردووەتەوەو دەبێ بخرێتە بەر لۆمەوە.

قاسمی پێی داگرت: کۆماری ئیسلامیی ئیران بەرگریی دەوڵەتی یاسایی سووریا لە یەکپارچەیی خاک و دەسەڵاتدارێتیی نیشتمانی خۆی بەرامبەر بە هەر چەشنە دەسدرێژییەک بە مافی یاسایی و ڕەوای ئەو وڵاتە دەزانێ و لەگەڵ ئەوەش بانگەشەی دەستێدابوونی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی جەنگیی ڕژێمی زایۆنی لە سووریا بە بێ بنەما دەزانێ و وەدرۆی دەخاتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەشەنە دان بە کێشە و ئاڵۆزی لە ناوچەکە نییە بەڵام بڕوای وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهان دەبێ بەرامبەر بە داگیرکاری و دەسدرێژییە پەیتا پەیتا و بێ بڕانەوەکانی ڕژێمی زایۆنی هەنگاوێکی بنەڕەتی و کارتێکەر هەڵگرن و وەڵامێکی لێبڕاوانەیان بۆ کردەوە و ئاکار و پڕوپاگاندای درۆ و دەلەسە و شەڕخوزانەی ڕژێمێک هەبێ کە بەردەوام بوونی ژیانی نایاسایی و ساختەی خۆی بەسراوە دەبینێ بە درێژەپێدرانی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا.

سەرپەیڤ