May 16, 2018 13:19 Asia/Tehran
  • وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران : بانگەشەکانی مەغریب دژی ئێران یارمەتیە بە ئامانجی دوژمنانی ئوممەتی ئیسلامی

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە بانگەشەکانی ئەم دوایەی کاربەدەستانی مەغریب لەمەر ئێران ڕایگەیاند: کاربەدەستانی ئەو وڵاتە چ لە دیدار لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران و چ لە وتووێژ لەگەڵ میدیا جۆربەجۆرەکاندا ھیچ بەڵگەیەکی بڕوامەندیان بۆ سەلماندنی بانگەشەکانیان دژی ئێران نەخستۆتە ڕوو .

بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێ شەممە لە وتووێژ لەگەڵ ھەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران، لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کە کاربەدەستانی مەغریب دوای پچڕاندنی پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا لە ماوەی چەند ڕۆژی ئەم دواییە گەلێک جار دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەڵوێستیان دەربڕیوە، بە ڕاشکاوی وتی : کاربەدەستانی وڵاتی مەغریب دوای پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران لە بەر ھۆکارێکی بێ بنەماو پوچەڵ، ئێستاکە بۆ چەواشەکردنی بیروڕای گشتیی نێوخۆو دەرەوە تووشی کێشە ھاتوون و ھەر لە بەر ئەمەش لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا وتووێژو ڕادەربڕینی چەندپاتەوە بوو لە لایەن وەزیری دەرەوەو وتەبێژی دەوڵەتی ئەم وڵاتە ھاتووەتە ئاراوە.

بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ، وێڕای ئاماژە کردن بە بانگەشەی کاربەدەستانی مەغریب لە بارەی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان و پێمل نەبوون بە گوشارە نێوخۆییەکان لەبارەی پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران،وتیشی : کاربەدەستانی مەغریب ھەر لەم حاڵەدا بانگەشە درۆینەکانی خۆیانیان لە بارەی پەیوەندییە تایبەتییەکانی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و بەرەی پۆلیساریۆ کە لە لایەن زۆرێک لە وڵاتانەوە بە فەرمی ناسراوە، دووپات کردووەتەوەو کەچی ھەتا ئێستا نەیانتوانیوە وەڵامێکی قایلکارانە بە پرسیارو دڕدۆنگییەکانی ھاوپەیوەند بە بڕیارەکەی ئەم دواییەیان بدەنەوە.

بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، دەست وەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دیکە و ڕێزنان لە ئاسایشتی نیشتیمانیی ئەو وڵاتانەی وەک سیاسەتی بنەمایی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناساند.

مەغریب پەیوەندییەکانی خۆی لە بەر خۆی وتەنی پشتیوانیی تاران لە بەرەی پۆلیساریۆ لە سارای ڕۆژئاوایی گەڵ ئێراندا پچڕاندووە.