May 18, 2018 11:34 Asia/Tehran
  • ڕوانگەی ڕێبەری ئینقلابی ئیسلامی ؛ رزگاریی مسۆگەری فەلەستین، شکستی مسۆگەریی ئەمریکای بەدواوەیە

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران جەختی کرد: بەیتولموقەدەس ، پێتەختی فەلەستینەو بە یارمەتیی خودای گەورە، فەلەستین لەچنگی دوژمنانی ڕزگار دەبێ و ئەمریکاو دەس و پێوەندەکانی بەرامبەر بەڕاستی و نەریتی ئیلاهی هیچیان لە دەست نایە.

حەزرەتی ئایەتووڵلا خامەنەیی ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆڕی پڕ تیشک و ڕووناکیی ئونس و ئولفەت گرتن بە قورئان بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە کێشە و گرفتەکانی ئێستای جیهانی ئیسلام لەوان باروودۆخی کارەساتباری فەلەستین و جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی بەتایبەت لە ڕۆژانی ئەمدواییەدا، ئەنجامی دوور کەوتنەوەی ئۆمەتی ئیسلامی لە قورئانە، ڕاشکاوانە فەرمووی: ئەمریکا و زۆرێک لە دەوڵەتانی ڕۆژاوایی خۆیان دەستیان هەیە لەو جەنایەتانەدا. ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران جەختی کرد: دەبێ ئۆمەتی ئیسلامی، دەوڵەتانی ئیسلامی و حکومەتە ئیسلامییەکان بەرامبەر بەو جەنایەتانە هەڵوێست بگرن.

مەسەلەی فەلەستین خاڵی هاوبەشی ئۆمەت و دەوڵەتانی ئیسلامییە و بایەخ دان بەو مەسەلەیە، سیاسەتی بنەڕەتیی وڵاتانی ئیسلامییە. لەم نێوانەدا کەمتەرخەمیی ژمارێک لە وڵاتانی ئیسلامی، ئەو هەلەی بۆ زایۆنییەکان ڕەخساندووە تا زیاتر لە ڕابردوو ستراتژیی ترۆریستیی خۆیان جێبەجی بکەن. هەفتاهەمین ساڵوەگەڕی "ڕۆژی نەگبەت" ئەوپەڕی دڕندەیی ئییسراییلی دەرخست و ئەوەی بووە هۆی ڕەخسانی ئەم هەلە بۆ زایۆنییەکان، سازشکاریی ژمارێک لە عەرەبەکان و داکۆکیی ئاشکرای دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕژێمی ئیسراییل بوو. داکۆکی سیاسیی ئەمریکا لە ڕژێمی دڕندەی ئیسراییل و هاوکات ئەرخەیان بوونی ئەم ڕژێمە لە نەبوونی هیچ مەترسییەک لە ناوچەکەدا بووە هۆی ئەوەی ساڵڕۆژی نەگبەت ببێ بە دووشەممەی ڕەش. ٦٣ شەهید و زیاتر لە دوو هەزار بریندار لە ڕۆژی دووشەممە ١٤ی مانگی مەی، هاوکات لەگەڵ گوێزرانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودسی داگیرکراو، ئەنجامی هاوکاریی سێگۆشەی تووشی ئییسراییل، ئەمریکا و عەرەبی سازشکارە.

"ساڵح نەعامی" کارناسی پرسە سیاسییەکان لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی قەتەریی «العربی الجدید» بڵاوی کردەوە نووسی: ئەمریکا بە شاردنەوە و پاسادانەوەی کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەم ڕژێمە، گوشارێکی سیاسیی زۆر کەمی لە سەر بێ  لەبەر بنپێ کردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ لە کاتی سەرکوت کردنی خۆپیشاندەرانی فەلەستینیدا. بێدەنگە کردنی ناوچەییش ئەو هەلەی بۆ ئیسراییل ڕەخساند بۆ بەرەنگاربوونەوەی خۆپیشاندانی گەڕانەوە، بە بێ هیچ ترس و نیگەرانییەک ، دەس بۆ چەک ببات و خەڵکی فەلەستین لە خاک و خوێن بگەوزێنی.

دەس بۆ چک بردنی ڕژێمی زایۆنی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران لە لایەکی دیکەوە کارامە بوونی خۆڕاگریی فەلەستینی دەرخست کە ئەمڕۆ لە چوارچێوی "خۆپیشاندانی مافی گەڕانەوە" لە سنووری کەرتی غەزە و فەلەستینی داگیرکراودا خۆی دەردەخات و زایۆنییەکانی تووشی کێشە کردووە. بەهێز بوونی ڕوو لە پەرەی "بەرەی خۆراگریی فەلەستین" هاوکێشەکانی ڕژێمی زایۆنی وێڕای داکۆکیی ئەمریکا لەم ڕژێمە تەواو تێکداوە.

گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودسی داگیرکراو لە چوارچێوی گەڵاڵەی "سەودای سەدە" جێبەجێ کراوە کە ئامانجی یەکجاریی ئەو گەڵاڵەیە بنەبڕ کردنی خۆراگری و هەڵوەشاندنەوەی ئامانجی پێکهێنانی وڵاتی فەلەستین بە پێتەختیی قودسە. بەڵام وشیاریی جەماوەر و خۆراگریی فەلەستین بیرو  ڕای گشتیی جیهانی لەو پیلانە ئاگادار کردۆتەوە و هەر ئەم ڕوون کردنەوەیە و کاریگەری دانانی خۆپیشاندانی مافی گەڕانەوە، بۆتە هۆی ترس و تۆقانی زایۆنییەکان. هەر لەم ئاراستەیەدا، "ئیسماعیل هەنییە" سەرۆکی نووسینگەی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس خۆپیشاندانی داکۆکی لە قودس و پێداگری لە سەر مافی گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینییەکانی پەسن دایەوە و وتی: ئەم خۆپیشاندانە بەربڵاوە بۆتە هۆی ترس و تۆقانی کاربەدەستانی زایۆنی و تێکشێوانی هاوکێشەکانیان."

هەرچەن یەکدەنگییەک لە جیهانی ئیسلام بۆ داکۆکی لە ئارمانجی گەلی فەلەستین هەست پێ ناکرێ، بەڵام خۆڕاگری لە شکڵ و شێوازی جۆربەجۆریدا مافی یاسایی و ڕەوای گەلی فەلەستین لە بواری رزگار کردنی وڵاتی خۆیان، پێکهێنانی ولاتی سەربەخۆی فەلەستین بە پێتەختیی قودس و گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینییەکانە.

لە باروودۆخێکدا کە ئیسراییل بە هاوکاریی ئەمریکا و ژمارێک لە عەرەبەکان هەوڵ دەدات ئەو راستییانە تیابەرێ، هەڵوێست نواندنی لێبڕاوانەی وڵاتانی سەربەخۆی ئیسلامی زیاتر لە ڕابردوو پێویستە. هەر لەم چوارچیوەیەدا ئەمڕۆ (هەینی) ئەستەموڵ؛ میوانداری کۆبوونەوەی نائاسایی سەرانی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامییە؛ و بیر و رای گشتی و گەلی چەوساوەی فەلەستین چاوەڕێی هەڵوێست نواندنی راشکاوانە و ئاشکرا سەبارەت بە فەلەستین، شەرمەزار کردنی جەنایەتەکانی ڕژێمی ئیسراییل لەمەڕ قەڵاچۆ کردنی دڕندانەی فەلەستینییەکان و کردەوەی جێی شەرمەزاریی ئەمریکا لەمەڕ گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەی بۆ قودس، لەم کۆبوونەوەیە دەکات.

بایکۆت کردنی ڕژێمی زایۆنی و پێناسە کردنی وەکوو ڕژێمێکی جەنایەتکار لەلایەن وڵاتانی ئیسلامییەوە لە کۆبوونەوەکەی ئەستەموڵ چاوەڕێ دەکرێ. جگە لەوە ؛ "ئیسماعیل هەنییە" لە پەیامێکدا داوای لە سەرانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کرد " بەرەیەکی عەرەبی _ ئیسلامی پێک بێنن بۆ داکۆکی لە فەلەستین و بەرەنگاربوونەوەی پیلانە داڕێژراوەکان بۆ تیابردنی.

سەرپەیڤ