حوزه‌یران 14, 2018 16:29 Asia/Tehran
  • کۆماری ئیسلامیی ئێران ، هێرشەکانی هاوپەیمانی سەعودی بۆ سەر حەدیدەی ئیدانە کرد

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای شەرمەزار کردنی هێرشی ئاسمانی و دەریایی هاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودی بۆ سەر بەندەری حەدیدەی یەمەن، لەبارەی ئاڵۆزتر بوونی هەرچی زیاتری دۆخی مرۆڤی لەم وڵاتەدا نیگەرانیی دەربڕی.

لەشکریانی ڕژێمی سەعودی و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان لە مانگێک لەمەو پێشەوە، هێرشێکیان بە مەبەستی داگیرکردنی بەندەری حەدیدەی یەمەن، سەرەکی ترین ڕێگای ناردرانی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بۆ سەر یەمەنی دەست پێ کردووە.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی پێنج شەممە بە دەربڕینی ئەمەی کە ئێران بەردەوام پێی داگرتووە کە قەیرانی یەمەن ڕێگاچارەی سەربازیی بۆ نییەو دەست درێژکارانی سەر ئەم وڵاتە دەبێ ئەو سنووربەزاندنەیان کۆتایی پێ بێنن، وتیشی: ئاوا تاوانکاری گەلێک ئەو تۆزە هیوایەشی پووچەڵ کردووەتەوە کە بۆ پێشگرتن بە کاولیی زیاتری یەمەن لە ڕێگای چالاکیی سیاسییەوە خەریک بوو چەکەرەی دەداو بەم پێیە دۆخەکە ئاڵۆزتریش دەبێت.

عەرەبستانی سەعودی لە مارسی دووهەزاروپانزەوە وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەو بە پاڵپشتیی ئەمریکا شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە، هەتا لەم ڕێگایەوە بتوانێ عەبدڕەبە مەنسور هادی سەرۆک کۆماری لەکارکشاوەو هەڵاتووی یەمەن بگەڕێنێتەوە بۆ سەر دەستەڵات کە لە ئەنجامی ئەم دەست درێژکارییە هەزاران شارومەندی بێ دەرەتانی یەمەنی گیانیان سپاردووەو ملوێنان کەسیش هەڵوەداو ئاوارە بوونە.

 ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.