حوزه‌یران 15, 2018 08:00 Asia/Tehran
  • پەیامی پیرۆزبایی سەرۆک کۆمار لە گەلی ئێران بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزان

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پیرۆزبایی کردنی جەژنی ڕەمەزان و ڕێز و سپاس دەربڕین بەرامبەر بە ئامادەبوونی بەشکۆی گەلی ئێران لە ڕێپیوانی ڕۆژی قودس راشکاوانە ڕایگەیاند: بڕوام وایە بە یارمەتیی خودای گەورە، وڵاتی فەلەستین دەگەڕێتەوە ئامێزی خاوەنانی ئەم مەڵبەندە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ لە پەیامی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆمار بۆ گەلی ئێران هاتووە: جەژنی ڕەمەزان ڕۆژی سەرکەوتنی مرۆڤی تاکانەپەرست لە شەڕی دژ بە هەوا و هەوەسە و لەم ڕۆژە گەورەیەدا سپاسی خواوەند دەکەین کە خەڵکی ئیماندار بەردەوام ئەو شیاوەتییەیان بە دەست هێناوە کە هاوکات لەگەڵ موسڵمانانی دیکە، لە نیعمەت و بەرەکەتەکانی ئەم بەختی عەبدایەتی، عیبادەت و پالاوتنی دڵ ودەروونی خۆ لە هەموو ئەو شتەی بەدوور لە خودایە، کەڵک وەرگرن.

لە بەشێک لە پەیامەکەی سەرۆک کۆماردا هاتوە: من بە پیرۆزبایی کردنی ئەم جەژنە گەورە ئیسلامییە و بە ڕێز و سپاس دەربڕین بەرامبەر بە بەشداری شۆڕشگێرانە و بەشکۆی خەڵکی ئەمەگدار لە ڕێپێوانی ڕۆژی جیهانیی قودس بۆ بەرگری لە ئارمانجە ڕەواکانی گەلی چەوساوەی فەلەستین و پاراستنی یەکدەنگیی ئۆمەتی ئیسلامی، بڕوام وایە بە یارمەتیی خواوەند وڵاتی فەلەستین دەگەڕێتەوە ئامێزی خاوەنانی ئەو خاک و مەڵبەندە.

سەرۆک کۆماری ئیسلامی لەم پەیامەدا هەروەها هیوای خواست ؛ بە پاراستن و درێژە پێدانی کاریگەرییە بنیاتنەرە کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و مەعنەوییەکانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە درێژایی ساڵ و بە بەرز کردنەوەی ئاستی سەبر و بوردەباریی خۆ لە بواری جۆربەجۆر، ڕەوشێکی باشتر بۆ هەنگاونانی خێرای وڵاتی ئیسلامی بەرەو ئارمانجە بەرزەکان لە پێناو گەشانەوەی بێتە ئاراوە.

ئەمڕۆ هەینی یەکەمی شەوالی ١٤٣٩ی کۆچی بەرامبەر بە ١٥ی ژوەنی ٢٠١٨ی زایینی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان جەژنی ڕەمەزان راگەیەندراوە.

لە ئایینی ئیسلامدا، یەکەم ڕۆژی مانگی شەوال، بە ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاری کراوە، لەبەر ئەوەی کە موسڵمانانی ڕۆژوان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بە ڕۆژوو گرتن و نوێژ خوێندن و راز و نیاز و دوعا و پاڕانەوە و داوای تەوبە و لێبووردن لەبەر گوناهەکانیان هەوڵ دەدەن دڵ و دەروونیان لە هەرچەشنە پیسی و ناپاکی بسڕنەوە و بگەڕێنەوە بەرەو فیترەت و سرشتی راستینەی خۆیان.

سەرپەیڤ