ته‌مووز 11, 2018 21:16 Asia/Tehran
  • ۱۱ کەس لە ڕووداوی هات وچووی سنە کوژراون/نەۆتکێشەکە ئێرانییە

پارێزگاری کوردستان ڕەتی کردەوە نەوتکێشەکە عێراقی بێت و ڕایگەیاند: لە ڕووداوای هات و چووی دوێنێ شەوی سنە، نەوتکێشەکە ژمارەی ۲۹ی ئێرانی پێوە بووە و ۱۱ کەس لەم ڕووداوەدا کوژراون.

بەهمەن مورادنیا ئەمڕۆ نیوەڕۆ لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە ڕووداوی هات و چووی شاری سنە لە بلواری دوکتور حسەینی وتی: لە ڕووداوەکەی دوێنێ شەو ۱۱ کەس کوژراون و ٥ کەسی دیکەش بریندار بوون کە حاڵی چەند کەسێکیان باشە.

پارێزگاری کوردستان زیادی کرد: هەڵە لە شۆفیڕی نەوتکێشەکە بووە و تاوانبارە و خۆی بە پاسێکی موسافربەریدا کێشاوە و بووەتە هۆی ئاگر کەوتنەوە. عێراقی بوونی نەوتکێشەکەش تەواو دوورە لە ڕاستی، خۆم لە سەرەتای ڕووداوەکە لەوێ بووم و ژمارەی نەوتکێشەکە ۲۹یە کە هی پارێزگای کرماشانە.

ئەو هەروەها سەبارەت بە ژمارەی کوژراوەکان وتی: کەس نایەوێت ژمارەی قوربانییەکان لە خەڵک یان مێدیاکان بشارێتەوە. بێجگە لە تاوانبار بوونی شۆفیڕی نەوتکێشەکە پۆلیسی جادە و بان لێکۆڵینەوی ورد لە چۆنیەتی ڕووداوەکە دەکات.

مورادنیا وتی: بلواری دوکتور حسەینی کێشەی هەیە و خۆم دوێنێ شەو دیم و بەزووترین کاتیش دەبێت نوقسان و کەم و کۆڕییەکانی ئەم بلوارە چاک بکرێتەوە. هەر لە سەرەتای ڕووداوەکەشەوە تیمی فریاگوزاری ئاگر کوژێنەوە لە شوێنی ڕووداوەکە بوون و ئەوەی لە دەستیان هات بۆ کوژانەوەی ئەنجامیان دا.

ئەو زیادی کرد: کۆنترۆلی گڕ گرتنی هەزاران لیتر سوتەمەنی کارێکی یەکجار ئەستەمە کە بە یارمەتی هێزی ئاگر کوژێنەوە دواجار کۆنترۆڵ کرا.

مورادنیا سەبارەت بە بەرنامەیەک بۆ پرسەی ئەو کەسانەی لەم ڕووداوە کوژراون وتی ئەگەر بڕیار بێت بنەماڵەکان بەرنامەیەکیان هەبێت بێ گومان ڕایدەگەیەنین.