ته‌مووز 12, 2018 10:48 Asia/Tehran
  • به‌م سنووره‌ هاوبه‌شانه‌ی ئێراقه‌وه‌ بایکۆتی دژ به‌ ئێران مانای نیه‌

ئێران 1458 کیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ عێراق و 499 کیلۆمه‌تریش سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ تورکیا هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تێکی بێ وێنه‌یه‌ که‌ هه‌رگیز وه‌کوو ده‌رفه‌ت خوێندنه‌وه‌ی بۆ نه‌کراوه‌ به‌ڵکوو زیاتر له‌به‌ر نه‌بوونی زانیاری و ئاوڕنه‌دانه‌وه‌ له‌ سنوورەکان و پوتانسیەلی کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی سنوور ڕاستییه‌کان له‌به‌رچاو نه‌گیراون.

له‌ مێژه‌وه‌ زلهێزه‌کان و به‌ تایبه‌ت ئه‌مریکا له‌به‌ر ئه‌و هۆکاره‌ه‌ی که‌ به‌ نافه‌رمانی له‌ په‌یڕه‌وی نێوده‌وڵه‌تی ناویان لێ بردوووه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ئابلۆقه‌ی ئابووریی زیاتر له‌ ئێران ده‌که‌ن و هه‌رجاره‌ و به‌و هه‌ڕه‌شانه‌ شه‌پۆلێک له‌ گرانی و هه‌ڵکشانی نرخی درۆیین ڕوو ده‌کاته‌ بازاڕه‌کانی ئێران و به‌داخه‌وه‌ بژێوی ژیانی هاووڵاتییان تووشی کێشه‌ ده‌کات. سه‌ره‌تایی‌ترین ته‌گبیر پاش ڕاگه‌یێندرانی هه‌موو سزایێکی ئابووری ئه‌وه‌یه‌ نرخی شتومه‌ک و کاڵا و خزمه‌تگوزاری و که‌رتی وزه‌ زیاد ده‌کات و ئه‌و هه‌ڵکشانی نرخه‌ش زیاتر گوشار ده‌خاته‌ سه‌ر چینی لاوازی کۆمه‌ڵگا. به‌رپرسانی پێوه‌ندیداریش به‌داخه‌وه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌دا له‌ جێگه‌ی ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێک بدۆزنه‌وه‌ هه‌ڵوێستی به‌رگرییانه‌ و مونفه‌عیلانه‌ ده‌گرنه‌به‌ر. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی کاربه‌ده‌ست و مودیرعامه‌کان گله‌یی لێ ناکرێت چوونکه‌ به‌ گشتی شوێنکه‌وتووی ئه‌جێندای کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تن و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ نادروسته‌ش گه‌ره‌نتیی پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی مه‌رجه‌ع ده‌کات بۆیه‌ داهێنان و ته‌گبیر له‌ که‌رتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیدا نابینرێت.

خوێندنه‌وه‌ بۆ ده‌رفه‌ته‌کان بکرێت له‌ سنووری ناوچه‌ کوردنشینه‌کان

به‌ڕێوه‌به‌ر و مودیرعامی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی باسی لێی کرا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ڕاستییه‌کانی کۆمه‌ڵگا تێناگه‌ن و به‌ توندترین شێواز سه‌ر به‌ لایه‌نی سیاسیی خۆیانن ناتوانن بڕیاری هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ڕاستییه‌کانی کۆمه‌ڵگا بده‌ن. له‌ ڕووی ئه‌و زانیارییانه‌وه‌ که‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌ت به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ده‌کرێت بڵێین زۆرینه‌یان چاره‌سه‌ر و ته‌گبیریان پێ نییه‌ بۆ ئیداره‌ کردنی کاتی قه‌یران. ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌ وا تێگه‌شتوون و دۆخی قه‌یراناوی ته‌نها ئه‌و کاته‌یه‌ که‌ ڕووداوێکی سروشتی و له‌ناکاو ڕوو بدات. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ قه‌یرانی ڕاسته‌قینه‌ کێشه‌ و چه‌رمه‌سه‌ریی هاووڵاتییانه‌ بۆ بژێوی ژیانی ڕۆژانه‌یان. دیاره‌ له‌ دۆخی ئاساییدا پێکهاته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کۆمه‌ڵگا به‌ شێوازی ئۆتۆماتیک و سیسته‌ماتیک به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ئه‌رکه‌ له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ران بۆ دۆخێکی وه‌کوو ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا ئه‌جێندا و به‌رنامه‌ی خۆیان هه‌بێت. یه‌ک له‌و ده‌فرایه‌تییانه‌ی له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ کردنه‌وه‌ی گرێی کوێره‌ی کێشه‌ی ئابووریی ئێران سنووری هاوبه‌شی ئه‌و وڵاته‌یه‌ له‌گه‌ڵ عێراق و تورکیا. به‌ گشتی ئێران 6 هه‌زار کیلۆمه‌تر سنووری وشکانی و 2700 کیلۆمه‌تر سنووری ئاویی هه‌یه‌ و یه‌ک له‌ ستراتێژیکترین وڵاته‌کانه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا به‌ تایبه‌ت دۆخی سیاسیی کۆمه‌ڵایه‌تیی دراوسێکانی ئێرانیشی پێ زیاد بکرێت که‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی ناوچه‌که‌ و ئێران ئیهمالیان کردوووه‌. ڕووی قسه‌ی ئه‌م یادداشته‌ له‌ پارێزگاره‌کانی ناوچه‌ی ڕۆژئاوای ئێرانه‌ به‌ تایبه‌ت چوار پارێزگاری پارێزگا کوردنشینه‌کان. ئێران 1458 کیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ عێراق و 499 کیلۆمه‌تریش سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ تورکیا هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تێکی بێ نموونه‌یه‌ که‌ هه‌رگیز وه‌کوو ده‌رفه‌ت خوێندنه‌وه‌ی بۆ نه‌کراوه‌ به‌ڵکوو زیاتر له‌به‌ر نه‌بوونی زانیاری و ئاوڕنه‌دانه‌وه‌ له‌ مه‌رزه‌کان و ده‌فرایه‌تیی کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی سنوور ڕاستییه‌کان له‌به‌رچاو نه‌گیراون.

هه‌ڕه‌شه‌ی ئابلۆقه‌ی دژ به‌ ئێران بکه‌نه‌ ده‌رفه‌ت

چوار پارێزگای ڕۆژئاوای ئێران که‌ دراوسێی عێراق و تورکیان قه‌یرانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییان تووش بوووه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رانی هه‌ر چوار پارێزگاکه‌ هیچ پلان و به‌رنامه‌یێکیان نییه‌ بۆ به‌کارهێنانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ بازاڕێکی 150 میلیۆن که‌سی (ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ) له‌ودیو سنووره‌وه‌ چاوه‌ڕوانن به‌ڵام تا ئه‌م کاته‌ش هیچ هه‌نگاوێکی ستراتێژییانه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌نراوه‌. زۆرینه‌ی مودیرعامه‌کانی ناوچه‌کانی سه‌ر سنوور بێ هه‌ڵوێستن و ته‌نها ده‌ڕواننه‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئه‌و بوێرییه‌یان تێدا نییه‌ که‌ بێنه‌ مه‌یدان و کار بکه‌ن له‌ بازاڕه‌ به‌رفراوانه‌کانی وڵاتانی دراوسێ. ئه‌گه‌رچی ئابلۆقه‌ی سه‌ر ئێران کارتێکه‌ریی خراپی هه‌بوووه‌ له‌ باری ده‌روونییه‌وه‌ به‌ڵام هه‌مان ئابلۆقه‌ی ئابووری له‌م دۆخه‌دا ده‌توانێت ببێته‌ بیانوو بۆ مودیرعامه‌کانی پارێزگا سنوورییه‌کان و پاساوی نیشتیمانیشی له‌گه‌ڵ بێت بۆ ده‌ست تێکردنی پڕۆسه‌ی بازرگانی له‌ بازاڕه‌کانی عێراق و تورکیا بۆیه‌ پێشنیاری خاوه‌نی ئه‌م نووسراوه‌یه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رانی ناوچه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌یێکی جیدی بۆ بازاڕه‌کانی تورکیا و دیکه‌ی وڵاته‌کان له‌ عێراق و ناوچه‌که‌ بکه‌ن و به‌و شێوازه‌ ده‌ره‌چه‌یێک بکه‌نه‌وه‌ بۆ ده‌رباز بوون له‌ دۆخی چه‌قبه‌ستووی ده‌ستکردی ئابووریی ئێستا. به‌شداری کردن له‌ پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی شاره‌ ڕووخاوه‌کانی عێراق و سووریا بازاڕێکی هه‌ره‌گونجاوه‌ بۆ بووژانه‌وه‌ی ئابووری ئێران که‌ پێوه‌ندیی به‌ گه‌مارۆ و ئابلۆقه‌ی دژ به‌و وڵاته‌ نییه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌ کردن بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ ڕه‌ونه‌قی جیدی هه‌بێت هاورده‌ کردنی هه‌موو جۆره‌ کاڵایێکیش له‌و سنوورانه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. عێراق یه‌ک له‌و وڵاتانه‌یه‌ که‌ به‌ نیسبه‌ت زۆرینه‌ی په‌یمانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان هیچ ئیلتیزامێکی نییه‌ و باشترین به‌نده‌ری بازرگانی ده‌بێت بۆ ئێران له‌ به‌ری ڕۆژئاواوه‌.

گومرگ ده‌وری جیدی ببێنێت

ڕێکخراوی ده‌وڵه‌تیی گومرگ وه‌کوو ڕێکخراوێکی کاریگه‌ر له‌ گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری ئێران به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌کان ده‌توانێت دۆخی قه‌یران بقۆزێته‌وه‌ و هه‌ندێک ئاسانکاری بکات بۆ هاورده‌ کردنی کاڵای زه‌رووری و به‌و شێوازه‌ش گوشاری گه‌مارۆکان که‌م بکاته‌وه‌. ئێستاکه‌ نۆژه‌ن کردنه‌وه‌ی شاره‌ ڕووخاوه‌کانی عێراق به‌ ته‌نها ده‌توانێت جگه‌ له‌ پارێزگاکانی سه‌ر سنوور زۆرینه‌ی پارێزگا پیشه‌یییه‌کانی ئێرانیش به‌خۆوه‌ سه‌رقاڵ بکات و یه‌که‌م که‌س که‌ له‌و خه‌ڵاته‌ که‌ڵک وه‌رده‌گرێت دانیشتوانی سه‌ر سنوورن که‌ ئێستا بێکاری ئازاریان ده‌دات. له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا ئه‌و بڕیاره‌ گه‌وره‌ترین خزمه‌تگوزاریی ده‌بێت که‌ ده‌توانێت سه‌ره‌ڕای پێشخستنی ئابووری وڵات کێشه‌ی سنوورنشینه‌کانیش هه‌موار بکات. ئه‌وه‌ش ناکرێت مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ران و مودیرعامه‌کانی ئێران و له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ پارێزگاری پارێزگا سنوورییه‌کان قۆڵی لێ هه‌ڵماڵن و خوێندنه‌وه‌یێکی دروست له‌ بازاڕی عێراق و وڵاتانی دراوسێ بکرێت و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌ڕێوه‌به‌ر و مودیرعامه‌کانی له‌ مانای خوانی به‌تاڵ تێبگه‌ن و بزانن تێپه‌ڕاندنی ژیان به‌ پاره‌ی "یارانه‌" مانای چییه‌.

پارێزگارانی ناوچه‌ سنوورییه‌کان توانای شه‌خسیی خۆیان کارا بکه‌نه‌وه‌

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ توانای شه‌خسیی پارێزگارانی سێ پارێزگای ستراتێژیکی به‌ری ڕۆژئاوای ئێران به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ پێده‌چێت ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ده‌توانێت به‌ باشترین شێواز جێبه‌جێ بکرێت. پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا هه‌گبه‌ی دیپلۆماسییانه‌ی ڕوونی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ش له‌ وڵاتێکی هه‌ره‌گرینگ و ستراتێژیک وه‌کوو ئه‌ڵمانیا. پارێزگای کوردستانیش له‌ پێشینه‌که‌یدا بازرگانیی زه‌به‌لاح و پارێزگاری کرماشانیش له‌ که‌رتی ئاوه‌دانکاریدا هه‌گبه‌ی ڕوونیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ که‌ له‌ بوومه‌له‌رزه‌که‌ی ئه‌مدواییه‌ی کرماشاندا باش ده‌رکه‌وت.

هه‌موو ئه‌م توانا هێزه‌کی و کردارییانه‌ له‌ په‌یکه‌ره‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ناوچه‌که‌دا ده‌توانێت پاش پێکهاتنی حکوومه‌تی نوێی به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی کۆنفڕانسی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌رمایه‌دانه‌ری له‌ عێراق کۆمه‌ڵێک ئاسۆی ڕوون بکاته‌وه‌. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پارێزگاکان ته‌نها ئه‌وه‌ نییه‌ دۆخی ئێستای ناوچه‌که‌ ئیداره‌ بکرێت به‌ڵکوو له‌م دۆخه‌ی ئێستادایه‌ که‌ هونه‌ری ئیداره‌ کردن و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌رده‌که‌وێت و یادی به‌ڕێوه‌به‌رانی قه‌یران له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕدا وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه‌. نه‌خوازه‌ڵا که‌ کار کردن له‌م دۆخه‌ی ئێستادا مه‌رگ و قوربانیی سه‌رده‌می شه‌ڕیشی تێیدا نییه‌ به‌ڵکوو هه‌له‌ بۆ به‌رهه‌مهێنان و چالاکیی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌و مه‌رجه‌ی تایبه‌تمه‌ندیی عه‌شیره‌گه‌ری و خزم خزمێنه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ناوچه‌که‌ نه‌مێنێت.