ته‌مووز 13, 2018 17:30 Asia/Tehran
  • نوێنەری ئێران لە ئۆپێک : ترەمپ لە زیادکرانی ڕێژەی بەرهەم هێنانی نەوت هیوابڕاو بووە

نوێنەری ئێران لەڕێکخراوی وڵاتانی بنێری نەوت(ئۆپێک) وتی : سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ڕێژەی زیادکرانی بەرهەم هێنانی نەوت هیوابڕاو بووەو بەگومانە لەتوانای عەرەبستان و ڕووسیا بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت.

حوسێن کازم پور ئەردەبیلی لەدیمانە لەگەڵ رۆیتەرز کە رۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، بەئاماژە بەوەی کە ڕووسیا ناتوانێ بەرهەم هێنانی ڕۆژانەی خۆی بۆ زیاترلە٢٠٠هەزار بەرمیل نەوت زیاد بکا، وتی: جیاوازی کۆی بەرهەم هێنانی نەوتی وڵاتانی ئەندام ونائەندامی ئۆپێک لەمانگی ژۆئەن لەچاو مانگی مای٢٠١٨، تەنیا ١٧٠هەزار بەرمیل بووە کە ئەو ڕێژەیە بووەتە مایەی سەرسووڕمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا.

کازم پور ئەردەبیلی ، چوونەسەری نرخی جیهانیی نەوتی گەڕاندەوە بۆ سیاسەتە گەمارۆییەکانی ئەمریکا و وتی: چوونەسەری نرخی نەوت بووەتەهۆی چوونەسەری نرخی بەکارهێنانی وزە لە ئوروپا، ژاپۆن، چین وهیندستان و ئەو بارودۆخەش وەک نرخی گومرکیی بازرگانی سەپێندراو لەلایەن واشنگتۆن، کاریگەریی نەرێنی بووە لەسەر ڕەوتی گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتانە.

نوێنەری ئێران لە ئۆپێک پێی داگرت: نرخی باڵای نەوت ڕەوتی گەشەی ئابووریی جیهانیش لاواز دەکا.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رۆژی پێنج شەممە لە نوێترین ڕاپۆری خۆیدا، ڕێژەی چوونەسەری بەرهەم هێنانی نەوتی ئۆپێک و نائۆپێک لەمانگی ژۆئەن لە بەراوەرد لەگەڵ مانگی مای لەرۆژدا ٢٢٠هەزار بەرمیل ڕاگەیاند.

ئەمریکا پاش چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی داوای لە هاوپەیمانانی کرد وەک بەشێک لە ئابلۆقە ئابوورییەکان لەدژ تاران، هاوردەی نەوت لە ئێران، بگەیێننە سفر.

سەرپەیڤ