ته‌مووز 14, 2018 08:00 Asia/Tehran
  • وەلایەتی : لەوتووێژ لەگەڵ پوتین هاوکارییە ناوچەییەکانی ئێران و ڕووسیا یەکلا کرایەوە

ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی دوێشەو(هەینی) لە دیمانە لەگەڵ بەشی هەواڵی ٢١ی کەناڵی یەکی تەلەفزیۆنی ئێران چاوپێکەوتنی ئەم دواییەی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتینی سەرۆک کۆماری ڕووسیای بە بنیاتنەر لێکدایەوەو وتی: لەو چاوپێکەوتنەدا هاوکاریە ناوچەیەکانی ئێران و ڕووسیا یەکلا کرانەوە.

عەلی ئەکبەر وەلایەتی رۆژی چوارشەممە لەسەرووی شاندێکی باڵادا گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا. ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی رۆژی پێنج شەممە لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین دیدار و پەیامی زارەکی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی و پەیامی نووسراوەی حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پێشکەشی ناوبراو کرد.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس، وەلایەتی ئاماژەی کردە ئەو دەنگۆیانەی دوژمنانی هاوکارییە ناوچەییەکانی ڕووسیا بەتەوەری خۆڕاگری دەیانهێننە ئاراوەو وتی: زۆرکەس دەیانگوت ڕووسیا نەیاری ئامادەبوونی ئێران لە سووریایە یان ئێران دەبێ لە سووریا بچێتەدەر، ئەو لەکاتێکدایە کە سەرۆک کۆماری ڕووسیا خوازیاری درێژەی هاوکارییە بەرگرییەکانی ئێران و ڕووسیا لەپەیوەندیی لەگەڵ سووریادا بوو.

ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی وتی: بەزوویی سەرۆک کۆمارانی ڕووسیاو تورکیا دێنە تاران و لەگەڵ سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی قەیرانی سووریا ڕاوێژ دەکەن.

قەیران لە سووریا لە ساڵی٢٠١١ـەوە بەهێرشی بەرفراوانی گرووپە تیرۆریستییەکانی جێی داکۆکیی عەرەبستان، ئەمریکاو هاوپەیمانانیان بۆ گۆڕینی هاوکێشە ناوچەییەکان بەقازانجی رژیمی زایۆنی دەس پێ کرا.

وەلایەتی هەروەها ئاماژەی کردە هاوکارییەکانی ئێران و ڕووسیا سەبارەت بە دەریای خەزەر و وتی: تاران ومۆسکۆ نەیاری ئامادەبوونی ئەمریکییەکان، ڕێکخراوی پەیمانی ئەتلەنتیکی باکوور(ناتۆ) و یان هەر لایەنێکی دیکە لەناوچەی خەزەرن.

ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی وتیشی: بەزوویی سەرۆک کۆمارانی پێنج وڵاتی دەڤەری دەریای خەزەر لە ئاستانەی پایتەختی قەزاقستان کۆدەبنەوە هەتا ئەو گرێبەستانەی پێنج وڵات لەسەریان کۆکن، واژۆ بکەن.

سەرپەیڤ