ئاب 10, 2018 11:57 Asia/Tehran
  • دیداری نێردراوی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا

"مەحموود واعزی" نێردراوی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ئانکارا ئێوارەی پێنجشەممە لەگەڵ "ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیا دیداری کرد و پەیامی نووسراوەی حەسەن ڕۆحانیی ئاراستەی ناوبراو کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ نێردراوی تایبەتی سەرۆک کۆمار لەم دیدارەدا سەبارەت بە دوایین ڕووداو و گۆرانکارییەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، دەسپێبوونەوەی سەر لە نوێی بایکۆتەکانی ئەمریکاو هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بەو پرس و بابەتانە، لەگەڵ ئەردوغان وتووێژی کرد و  جەختی کرد لە سەر ئەوەی کە ئێران سوور و پێداگر دەبێ لە سەر هەڵوێستی خۆی و درێژە دەدات بە خۆڕاگری هەتا ئەو کاتەی ئەمریکا پەژیوان دەبێتەوە.

 "ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ی  سەرۆک کۆماری تورکیایش لەو دیدارەدا بە خۆشحاڵی دەربڕین بەرامبەر بە وەرگرتنی پەیامی سەرۆک کۆماری ئێران و ڕاگەیاندنی ئامادەیی ئانکارا بۆ درێژەپێدانی هاوکاری لەگەڵ تاران، پێی داگرت لە سەر دیتنەوەی ڕێکاری نوێ  بۆ پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و نەهێشتنی هەر چەشنە تەگەرەیەکی شیمانەیی.

ئەردوغان هیوای خواست کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ ڕۆحانیی سەرۆک کۆماری ئێران دیدار بکات.

واعزی نێردراوی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئێران پێش دیدار لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ، لەگەڵ "مەولوود چاوش ئۆغڵوو"ی وەزیری دەرەوە و "ڕوخسار پەکجان" وەزیری بازرگانیی تورکیا دیدار و تووێژی کردبوو.

سەرپەیڤ