ئاب 10, 2018 13:04 Asia/Tehran
  • ئێران شاڵاوی دەست درێژکارانی سەعودی بۆ سەر پاسی ھەڵگری منداڵانی قوتابیی لە یەمەندا شەرمەزار کرد

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران دڕندەکارییەکانی سەعودی- ئیماراتیی لە مەڕ کردنە ئامانجی پاسێکی ھەڵگری منداڵانی قوتابی لە شاری زیحانی پارێزگای سەعدەی شەرمەزار کرد کە بووە ھۆی کوژران و بریندار بوونی دەیان کەس لەو منداڵە بێ تاوانانە.

بە پێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی گشتیی دیپلۆماسیی میدیایی وەزارەتی کاروباری دەرەوە، بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران،وێڕی ھاوسۆزی دەربڕین لەگەڵ کەس و کاری قوربانیانی ئەم تاوانە جەنگییە، داوای لە کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و پێکھاتەکانی مافی مرۆڤ کرد کە ھەر جۆرێک بووە ڕێ لە بەردەوام بوونی دڕندەکارییەکانی داگیرکەرانی یەمەن بگرن.

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی داگرت: توندوتیژ بوونەوەی بوردومانی ناوچە ئاوەدانەکان و ئامانجگەلی ناسەربازی و مەدەنی نیشانەی شکست ھێنانی پەیتاپەیتای ھێزەکانی ھاوپەیمان لە بەرەکانی شەڕدایە.

بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای داخ و مەخابن دەربڕین لە بەردەوام بوونی پشتگریی چەکەمەنیانەی ھێندێک لە وڵاتانی بانگەشەکەری مافی مرۆڤ لە عەرەبستانی سەعودی و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان، وتیشی: دیارە ئەوانەش لەم دڕندەکارییە جەنگییەدا ھاوبەشن و دەبێ وەڵام بدەنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوای لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان و وڵاتانی شوێن دانەر کرد ھەتا ھەوڵەکانی خۆیان بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ھێرشی دەست درێژکارانی سەر یەمەن چڕکەنەوەو تەگبیری پێویست بۆ پاراستنی تەندروستی و ئاسایشتی خەڵکی سڤیل و بەتایبەت ژنان و منداڵان بەکار بێنن.

لەپەلامارەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی فڕۆکەشەڕکەرەکانی هێزەکانی هاوپەیمانیی سەعوودی بە سەرکردایەتیی عەرەبستان بۆ سەر شاری "زەحیان"ی پارێزگای سەعدە لە باکووری یەمەن کە پاسێکی هەڵگری منداڵانی یەمەنیشی گرتەوە لانیکەم ٥٠ کەسی سڤیل کوژراون و نزیکەی ٧٧ کەسیش بریندار بوون.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و  هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.

دەست درێژکاریی سەربازییانەی عەرەبستان ھەروەھا وڵاتی دەستکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەم بوونی خۆراک و داوو دەرمان کردووەتەوە.بە پێی ڕێژە و ئاماری سندووقی رزگار کردنی منداڵان زیاتر لە ٢٢ ملوێن کەس واتە نزیکەی سێ لە چواری خەڵکی یەمەن پێویستیان بە یارمەتی هەیە کە نیوەیان منداڵن.

ڕژێمی سەعودی و ھاوپەیمانەکانی ھەتاکوو ئێستا لەبەر بەرخۆدانی جەماوەری یەمەن نەیانتوانیوە بە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا بگەن کە ھەمان بەدەستەڵات گەیاندنی دەستنیاکانی خۆیانە.

سەرپەیڤ