ئاب 10, 2018 15:50 Asia/Tehran
  • گوتاربێژی نوێژی هەینیی تاران: کۆماری ئیسلامی کێشەو گرفتەکان ، سەرکەوتووانە وەپشت سەر دەنێت

گوتاربێژی کاتیی نوێژی هەینیی تاران وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوڕووی شەڕی دەروونی و ئابووریی دوژمنە و وڵات ئەو گرفتانە بەدەسەڵات و سەرکەوتووانە وەپشت سەر دەنێ.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس، ئایەتوڵڵا محەممەد ئیمامی کاشانی، گوتاربێژی نوێژی هەینیی تاران، لە گوتارەکانی نوێژی هەینی بەئاماژە بە قسەکانی ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەبارەی دانوستان، وتی: ئامانجی دوژمنان ئەوەیە کە بەگوشار خستنەسەر ئێران، لەڕێی دانوستان بگەنە ئامانجەکانیان کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێملی ئەو زەخت وگوشارانە نابێ.

گوتاربێژی نوێژی هەینیی تاران بەئاماژە بەوەی کە ئەمریکا بەزۆرەملێ، زایۆنییەکان بەپیلان و ئالی سەعوود بە پارە دەیانەوێ جیهانی ئیسلام بەرەوڕووی کێشەو ئاستەنگ بکەن، وتی: دەبێ بەهۆشیاری، یەکگرتوویی و هاودەنگیی بپارێزین و گشت بەرپرسان، خەڵک و کەرتی تایبەت، دەبێ ئەرکەکانیان بەوردیی و بەشیاوی ئەنجام بدەن.

ئایەتوڵڵا محەممەد ئیمامی کاشانی لەبەشێکی دیکەی گوتارەکانی نوێژی هەینیی تاران، بەئاماژە بە وتەکانی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لەمەڕ پێکهێنانی گرووپێکی کاریی چالاک سەبارەت بە پرسە ئابووریەکان، وتی: ئەو ڕێکارنامەیە، ئەرکێکە کە بەرپرسان دەبێ جێ بەجێی بکەن. گوتاربێژی کاتیی نوێژی هەینیی تاران هەروەها داوای لە دەزگەی دادەوانی کرد، بەتوندی هەڵس و کەوت بکا لەگەڵ موحتەکران و هەلپەرستان.