ئاب 10, 2018 19:03 Asia/Tehran
  • ئیرادەی تاران-ئانکارا لەسەر پەرەی پەیوەندییەکان

مەحموودی واعیزی نێردراوی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئێران لە سەفەرێکی یەک ڕۆژە بۆ ئانکارا، سێ چاوپێکەوتنی گرینگی لەگەڵ وەزیری دەرەوە، وەزیری تیجارەت و سەرۆک کۆماری تورکیادا بوو و لایەنەکانی ئەو چاوپێکەوتنانە لەبارەی پەرەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و چارەسەریی و لادانی کەندو کۆسپە شیمانەییەکان وتووێژیان کرد.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ هەینیی هەواڵدەریی ئیرنا، واعیزی کە بۆ پێشکەش کردنی پەیامی دوکتور ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی ئانکارای کردبوو، لە فڕۆکەخانەی "ئەسن بوغای"ی ئانکارا لەدیمانە لەگەڵ پەیامنێری ئیرنادا، ئامانج لەسەفەرەکەی بۆ تورکیای، ڕاگەیاندنی پەیامی سەرۆک کۆماری ئێران بە سەرۆک کۆماری تورکیا پاش هەڵبژێردرانی ناوبراو لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەو هەوڵدان لەپێناو گۆڕینی سیستەمی سیاسی و هەروەها ڕاوێژکردن لەبارەی پەیوەندییەکانی دوو وڵات ڕاگەیاند.

سەرۆکی دەزگەی سەرۆک کۆماریی ئێران وتی: بەسەرنجدان بە بارستای پەیوەندییەکان و جۆری هاوکاری و ئەو بوارە جیاجیایانەی لە پەیوەندیی نێوان ئێران وتورکیادا هەیە، دوکتور رۆحانی بە پەیامێکی نوسراوە منی ڕاسپارد لەدیدار لەگەڵ ئەردۆغان، پرس و بابەت و گرفتی دوو قۆڵیی بخرێتەبەر باس و لێکدانەوەو پێداچوونەوەیەکمان بێ  بەو بەرنامە و پلانانەی پێوشوێن دەگیردرێن لەگەڵ حکومەتی نوێی تورکیا.

واعیزی هەروەها بەئاماژە بەوەی کە"هەم بایکۆتی ئەمریکا لەدژ ئێران و هەم بایکۆتی ئەوان دژ بە دوو وەزیری تورکیا، لەناوچەو جیهان پێشوازی لێ نەکراوە"، وتی: شێوازی بایکۆت و گوشارخستنی یەکلایەنەی واشنگتۆن دژ بە وڵاتان، ئیدی هیچ سودێکی نییە و بێ کەڵکە و سەردەمی ئەو جۆرە کردانە بەسەر چووە.

نێردراوی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ تورکیاش لەو چاوپێکەوتنەدا وتی: سەرۆک کۆمارانی دوو وڵاتی ئێران و تورکیا نەخشەڕێگایەکی باشیان داڕشتووە بۆ گەیشتن بەئامانجی تیجارەتی سی ملیار دۆلاریی.

ناوبراو وتیشی: وڵاتانی ئوروپایی و یەکێتی ئوروپا سوورن لەسەر پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و چەند پێشنیارێکیان لەمەڕ کاروباری بانکی و نەوت بەئێمە کردووە.

سەرۆکی دەزگەی سەرۆک کۆماریی ئێران هەروەها لەدرێژەی سەفەرەکەی بۆ ئانکارا، لەگەڵ روخسار پەکجان وەزیری تیجارەتی تورکیا دیداری کردو لەبارەی ڕەوتی هاوکاریی ئابووری و بازرگانیی دوو وڵات دانوستانی کردو دوولایەن پێیان داگرت لەسەر هێنانەدی ئامانجی سی ملیارد دۆلاریی تیجاریی دوو وڵات.

نێردراوی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئێران لەدوا بەشی سەفەرەکەی بۆ ئانکارا سەرلەئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دیدار و پەیامی نووسراوەی دوکتور حەسەن ڕۆحانی پێشکەشی ناوبراو کرد.

سەرۆک کۆماری تورکیا لەو چاوپێکەوتنەدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لە وەرگرتنی پەیامی ڕۆحانی، دووبارە جەختی کردەوە لەسەر ئیرادەی وڵاتەکەی لەسەر درێژەدان بەهاوکاری لەگەڵ ئێران و سەبارەت بە ڕێکارەکانی هاوپێوەند بە چۆنیەتی پەرەپێدانی هەرچی زیاتری پەیوەندیی نێوان دوو وڵات و نەهێشتنی کەندو کۆسپە شیمانەییەکانی بەردەم.

ئەردۆغان هیوای خواست لە داهاتوویەکی نزیکدا چاوی بکەوێ بە رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران.