ئاب 12, 2018 17:28 Asia/Tehran
  • زەریف : وتووێژەکان لە بارەی پرسی خەزەرەوە ھەروا بەردەوامە

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وتی: لە سەر ئەوە ڕێککەوتن کراوە کە وتووێژی دۆستانە لە بارەی پرسە چارەسەر نەکراوەکانی دیاری کردنی سنوور، پشکی دەریاو سەرچاوەکانی دەریای خەزەر بەردەوام بێت.

بە پێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی گشتیی دیپلۆماسیی میدیایی وەزارەتی کاروباری دەرەوە، موحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە پەیامێکی توییتێڕی دا نووسی: لە ڕۆژی ھاوپشتیی وڵاتانی قەراخی دەریای خەزەر، وێڕای ئامادە کردنی نەریتی ھاوکاریی ژینگەیی، گەمیەوانی، ماسیمەنی، گەشەی پاوەجێ و ئاسایشتی بەبێ دەستوەردانی سەربازییانەی بیانی، لە سەر ئەوەش ڕێککەوتن کرا کە وتووێژی دۆستانە  لە بارەی پرسە چارەسەر نەکراوەکانی دیاری کردنی سنوور، پشکی دەریاو سەرچاوەکانی دەریای خەزەر بەردەوام بێت.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە بۆ بەشداری کردن لە پێنجەمین کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی قەراخی دەریای خەزەر سەردانی شاری ئاکتائۆی کازاخستانی کردووە.

ڕۆحانی لە گەرمەی پێشوازیی نورسوڵتان نەزەربایۆف سەرۆک کۆماری کازاخستان گەییشتە شوێنی بەرپا کرانی پێنجەمین کۆبوونەوەی سەرکردەکانی  وڵاتانی قەراخی دەزیای خەزەرو بڕیار وایە وەکوو دووھەمین وتاردەر ھەڵوێست و ڕوانگەکانی تاران سەبارەت بە گرینگایەتیی پەرە پێ دان و قوڵ کردنەوەی ھاوکاری و ھاوپشتیی وڵاتانی قەراخی دەریای خەزەر و گوڕینەوەی ئەم دەریایە بە دەریای ئاشتی و دۆستایەتی ڕوون کاتەوە.

کۆبوونەوەی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی پێنج وڵاتی قەراخی دەریای خەزەریش ڕۆژی ڕابردوو بە ئامادە بوونی وەزیرانی دەرەوەی ئێران، ڕووسیا، تورکمەنستان، کۆماری ئازەربایجان و کازاخستان بەرپا کرا.