تشرینی یه‌که‌م 09, 2018 17:21 Asia/Tehran
  • نیگەرانیی ئەمریکا لە پەیوەندیی دۆستانەی ئێران و تورکیا

سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە دیدار لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا وتی: ئەمریکا و ژمارێک وڵاتی ناوچە لەمەڕ هاوکاریی ستراتژیک و پەیوەندیی دۆستانەی ئێران وتورکیا نیگەرانن.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "عەلی لاریجانی" سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە لەدیدار لەگەڵ"بینالی یێلدریم" سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە پەراوێزی سێهەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئابووریی ئورئاسیا لەئانتالیای تورکیا، بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ئێران وتورکیا بۆ بردنەپێشی ئامانجە هاوبەشەکان دەبێ یەکگرتووتر بن، وتی: پێویستە هاوکاریی تیجاری، لەئاراستەی دابین کرانی بەرژەوەندییەکانی دوو وڵاتدا پەرە بسێنێ.

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش لەو چاوپێکەوتنەدا بەئاماژە بە پەیوەندیی لەمێژینەی ئێران و تورکیا، وتی: بەداخەوە دوو وڵات لەبەر مەترسیی پەلاماری چەندلایەنە دان، چونکە ئەو دەسپێشخەرییەی ئێران، تورکیاو رووسیا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی سوریا خستیانە ڕوو، ژمارێک وڵاتی نیگەران کردووە.

"بینالی یێڵدریم" بەئاماژە بەوەی کە پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا تادێ ڕوو لە پێشکەوتن و گەشەسەندن دایە، وتی: پەرلەمانەکانی دوو وڵات دەبێ لەپێناو باشترکردنی پەیوەندییە پەرلەمانییەکان وئاسانکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان بەتایبەت لەبواری بازرگانی، هەوڵگەلێک ئەنجام بدەن.

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەروەها بەئاماژە بە چونەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، پێی داگرت: بەداخەوە بە کردەو بڕیاری ساتەوەختیی حکومەتی ئەمریکا، پرسە ناوچەییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕدراوەو ئێران وتورکیا کە بەرپرسایەتییەکی قورسیان لەسەر شانە، ناتوانن تەنیا دەوری تەماشاوان ببینن.

سێهەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئابووریی ئورئاسیا بەئامادەبوونی بیست کەس لە سەرۆک پەرلەمانەکان و شاندە پەرلەمانییەکانی ١٧وڵاتی ئاسیایی وئوروپایی ئەمڕۆ لەشاری ئانتالیای تورکیا دەس پێ کرا.

سەرپەیڤ