تشرینی یه‌که‌م 11, 2018 13:58 Asia/Tehran
  • ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: ھیچ چەقبەستوویی و گرفتێکی بێ چارەسەری لە وڵات دا نییە

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ھەر سێ ھێزەکەی ئێران، پێی داگرت:ھیچ چەقبەستوویی و گرفتێکی بێ چارەسەری لە وڵات دا بوونی نییە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، شەوی پێنج شەممە لە دیداری سەرکردەکانی ھەر سێ ھێزەکەی ئێران لەگەڵ بەڕێزیاندا بە تەوەرەی باسی لێکدانەوەی پرسی ئابووری، وێڕای ڕێزگرتن لە گرینگایەتی دانی سەرۆکانی ھەر سێ ھێزەکەو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ڕێکخستنی ئابووری، ئەرکی سەرەکیی ئەم ئەنجومەنەی چارەسەر کردن و بڕیاردان لە ئاستێکی بەربڵاو لە بواری ئابووری دا ڕاگەیاندو پێی داگرت: چارەسەریی گرفتە ئابوورییەکانی ئێستای وڵات و دابین کردنی پێداویستییە گشتییەکانی خەڵک، پێویستی بە کاری جیھادی و ھەوڵێکی ھەرە باڵایە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ڕێکخستنی ئابووریی بۆ بڕیاردانی بەبڕشتانەو چارەمەند لە بارەی پرسە سەرەکییەکان و گرفتە ئابوورییەکانی وڵات ڕاسپاردو وتیشی: بۆ چارەسەر کردنی بڕێک گرفتی ھەستیارو گرینگی ئابووریی وەک گرفتی سیستێمی بانکی، پارەی نەخت، کارنانەوە، ھەڵاوسانی ئابووری و ڕەوتی دیاری کردنی بوجە دەبێ بڕیاری بەبڕشتانەو دەستبەجێ بدەن.

بەڕێزی ھەرسێ ھێزەکەو بە تایبەت دەوڵەتی بۆ کەڵک وەرگرتن لە ڕاوبۆچوون و ڕێگاچارەکانی ئابووری زانانی دڵسۆز و ھەڵسوڕاوانی کەرتی تایبەتی بانگێشتن کردو وتیشی: ھەل و مەرجی ئێستای وڵات بووەتە ھۆی ئەوەی کە بلیمەتان و ھەڵسوڕاوانی دڵسۆز ھەست بە بەرپرسایەتییەکی زیاتر بکەن و توانایی و ئەزمونە زانستی و کردەییەکانیان بخەنە بەر دەستی بەرپرسان و کاربەدەستان.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، وێڕای دابەشکردنی گرفتە ئابوورییەکان بۆ سەر«گرفتە دەروونییەکان و داڕشتی ئابووریی وڵات»و« پرسی سەرچاوەگرتوو لە بایکۆتەکانی ستەمکارانەی ئەمریکا» وتیشی: بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ھەرکام لەم دوو بەشە،وەھا ڕێگاچارەیەکی ژیرمەندانە بەکار بێنن کە ئەنجامەکەی چارەسەری پاوەجێ و ھەمیشەیی گرفتی ژیانی خەڵک و بێ ھیواکردنی دوژمن لە بەکارھێنانی گۆپاڵی بایکۆت و گەمارۆ بێت.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، وێڕای پێداگرتن لە سەر پێویستیی یەکتر بەھێزکردنی ھەر سێ ھێزەکەو دام و دەزگا جۆربەجۆرەکانی وڵات، وتیشی:لەسای ویستی لێبڕاوانەی خەڵک و بەرپرسان و بە کەڵک وەرگرتن لە بارستایی و توانایی دەگمەنی لاوان و بلیمەتانی خاوەن ئەزمونی ئێرانی و چالاک کردنی سەرچاوەو بارستاییە ھەڵکەوتەکانی وڵات،بە دڵنیاییەوە گرفتە دەروونی و داسەپاوەکان وێگڕا چارەسەر دەبن.