تشرینی یه‌که‌م 14, 2018 08:25 Asia/Tehran
  • خۆبژیویی ئێران لە بەرهەم هێنانی سانتریفیوژ

یاریدەری سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرهەم هێنانی هەموو چەشنە سانتریفیوژدا گەیشتۆتە ئاستی خۆبژیوی.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا؛ "ئەسغەر زارعان" یاریدەری سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە ڕێ و ڕەسمی دەسپێبوونی چل و سێهەمین پێشانگەی دەسکەوتەکانی پیشەسازیی ئەتۆمی لە ورمێ (باکووری ڕۆژاوای ئێران) بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە سیستەمی زاڵێتی خواز ئەوەی لە دەستی هاتووە درێخی نەکردووە بۆ ڕاگرتنی ڕەوتی گەشانەوەی پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران، وتیشی؛ کۆمەڵگەی زانستیی ئێران وێڕای ڕەوشی بایکۆت و دژواری ئابووری لە هەموو بوارێکدا لەوان پیشەسازیی ئەتۆمی لە ئاستی ناوچە و جیهاندا پێگەی تایبەتی هەیە.

یاریدەری سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە خوڵقاندنی زانست و دەسکەوتی جێی شانازیی پسپۆڕانی ناوخۆیی، دەبێتە هۆی قورس بوونی کێشی ئێران لە هاوکێشەکانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، وتیشی؛ دوژمنانی حکومەتی ئیسلامی هەوڵ دەدەن بە پێشگری بە پێشکەوتنی پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران، پێش بە گەشانەوە و پێشکەوتنی زانستیی وڵاتەکەمان لە هەموو بوارێکدا بگرن.

زارعان هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران جگە لە خۆبژیوی لە پیشەسازیی ئەتۆمیدا، ئامادەیی تەواویشی هەیە بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی بەشەکانی دیکەی وەک پزشکی، کشت و کاڵ و نەوت، ڕایگەیاند: ساڵانە زیاتر لە یەک ملوێن کەس ڕادیۆدەرمانی بەرهەمی ئێران لە بواری ناس کردن و دەرمان بەکار دێنن.

یاریدەری سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دابین کردنی یۆرانیۆمی پێویستی خۆی هیچ کەم و کوڕییەکی نییە، ڕاشکاوانە رایگەیاند: بە ئیسکەنی ٨٥%ی خاکی ئێران تا قووڵایی ٤ هەزار کیلۆمەتر لە لایەن ژیۆفیزیکی ئاسمانییەوە، جگە لە دابین کرانی پێداویستیی وڵات لە بواری یۆرانیۆمەوە، هەموو پاشەکەوت و سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی نەوت، زینک و مزی ئێرانیش مەزەندە کراون.