تشرینی دووه‌م 09, 2018 09:05 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی زەریف بەرامبەر بە بانگەشەکانی پەمپێئۆ لە بارەی یەمەنەوە: ئەرێ شەرم ناکەی؟

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی ھەینی لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە بانگەشەی گاڵتەجاڕانەی ئەم دواییەی مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی ئەمەی کە گوایە سەعودییەکان ملوێنان دۆلاریان بۆ یارمەتی دانی مرۆڤ دۆستانەی خەڵکی یەمەن و پێشگرتن بە کاول بوونی ئەم وڵاتە خەرج کردووە،وتی: ئەرێ بۆ شەرم ناکەی؟

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە توییتێڕدا نووسی: ئەزانی چییە بەڕێز پەمپێئۆ؟ ھەر لە بنەڕەت دا یەمەنییەکان بۆ خۆیان خەتاباری ئەو قات و قڕییەن کە لە وڵاتەکەیاندا سەری ھەڵداوە، ئەوانە دەبا بە خزمەتگوزارە قەسابەکانی ئێوە  کە ملیاران دۆلار بۆ بوردمانی پاسی قوتابخانەکان و ملوێنان دۆلار بۆ  کەم کردنەوەی ھەڕەشەو مەترسی خەرج دەکەن، مۆڵەتیان دابایە ھەتا بەبێ ھیچ جۆرە بەرخۆدانێک قڕیان تێ خەن و لەنێویان بەرن، ئەرێ بۆ شەرم ناکەی؟

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنج شەممە لە ھەل و مەرجێکدا کە عەرەبستانی سەعودی لە بەر پەلاماردانی یەمەن و پێشینە دزێوەکانی لە بارەی مافی مرۆڤەوە بەرەو ڕووی شەپۆلی ڕەخنەو توانج یووەتەوە، بەرەڤانیی لە سەعودییەکان کرد.

پەمپێئۆ لە وتووێژێکدا لەگەڵ بی بی سی بانگەشەی کرد کە ئێران ھۆکاری برسیەتی و کاول بوونی یەمەنە، لە حاڵێکدا کە عەرەبستانی سەعودی ملوێنان دۆلاری بۆ کەم کردنەوەی ئەو مەترسیانە خەرج کردووە.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و  هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.

دەست درێژکاریی سەربازییانەی عەرەبستان ھەروەھا وڵاتی دەستکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەم بوونی خۆراک و داوو دەرمان کردووەتەوە.

ڕژێمی سەعودی و ھاوپەیمانەکانی ھەتاکوو ئێستا لەبەر بەرخۆدانی جەماوەری یەمەن نەیانتوانیوە بە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا بگەن کە ھەمان بەدەستەڵات گەیاندنی دەستنیاکانی خۆیانە.