تشرینی دووه‌م 09, 2018 15:40 Asia/Tehran
  • خەتیبی نوێژی هەینیی تاران: دەستەڵاتی ئەمریکا لە جیهاندا خەریکی ئاوا بوونە

خەتیبی نوێژی هەینیی تاران ڕایگەیاند:دەستەڵاتی ئەمریکا لە جیهاندا خەریکی ئاوا بوونەو بێزاریی گەلانی جیهانیش بەرامبەر بەم وڵاتە خەریکە پەرە دەستێنێ.

حوججەتولئیسلام کازم سدیقی لە خوتبەکانی نوێژی هەینیی تاران تیشکی خستە سەر ڕێ و ڕەسمی 13ی خەزەڵوەرو ساڵگەڕی دەست گرتن بە سەر مەکۆی شۆڤاریی ئەمریکا لە تاران و ڕایگەیاند: شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ یەکەمجار لەجیهاندا دەستەڵاتی ئەمریکای بەرەوڕووی دڕدۆنگی کردەوەو سوکی کردو پۆرتی ئەم وڵاتەی وەک زلهێزێکی جیهانی شکاند.

ئیمام جومعەی کاتیی تاران، هەروەها وێڕای ئاماژە کردن بە پرسی هەڕەشەو بایکۆتەکانی چل ساڵەی ئەمریکا دژی گەلی ئێران بە ڕاشکاوی وتی: ئەم بایکۆتە ستەمکارانەیە بووەتە هۆی سەربەخۆیی و خۆبژیویی گەلی ئێران لە بوارەکانی ئابووری ، زانستی، سەربازی و سیاسی و هەر لەم حاڵەدا دەستڕۆییشتوویی ناوچەیی ئێرانی پەرە پێ داوە.

حوججەتولئیسلام کازم سدیقی بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەمریکا بەردەوام لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا لە بەرامبەر گەلی ئێران شکستی هێناوە، وتیشی: پڕوپاگەندەی ئەمریکییەکان دژی گەلی ئێران ئیدی کاریگەر نییە و ئێستاکە  بێزاریی گەلانی جیهان بەرامبەر بەم وڵاتە خەریکە پەرە دەستێنێ.

خەتیبی نوێژی هەینیی تاران هەروەها وێڕای ئیدانە کردنی حوکمی دادگەی ڕژێمی ئالی خەلیفە دژی شێخ عەلی سەلمان سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی ئیسلامیی ئەلویفاقی بەحرەین، ئەم بابەتەی وەک بەڵگەیەکی ڕەشی دیکەی کردارەکانی ڕژێمی ئالی خەلیفە لێک دایەوە.

ناوبراو لە بێ دەنگە کردنی کۆڕوکۆمەڵە جیهانییەکان لە هەمبەر داپڵۆساندنی جەماوەری یەمەنیش ڕەخنەی گرت.

سەرپەیڤ