کانونی یه‌که‌م 05, 2018 08:00 Asia/Tehran
  • ئێران: بڕیارنامەی ٢٢٣١ ، بەرنامەی ڕەوای موشەکیی ئێران قەدەغە یان بەرتەسک ناکاتەوە

نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕۆژی سێ شەممە لە بەیاننامەیەک دا وێڕای ڕەت کردنەوەی ھەرچەشنە لێکدانەوەیەکی سەرەڕۆیانەی ئەمریکا بۆ بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشت، پێی داگرت: ئەم بڕیارنامەیە بەرنامەی ڕەوای موشەکیی ئێران یان چالاکیە ھاوپەیوەندەکانی قەدەغەو یان بەرتەسک ناکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، نوێنەرایەتیی ئیران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان، تەواوی چالاکییەکانی ھاوپەیوەند بە بەرنامەی موشەکیی دێرانی بە تەواوی  ھاوتەریب لەگەڵ بڕیارنامەی ٢٢٣١ ی ئەنجومەنی ئاسایشت زانی و جەختی کرد کە ئەمریکا، ئێران بە پێشێلکردنی بڕیارنامەیەکەوە تۆمەتبار دەکات کە بۆخۆی پێشێلی کردووە.

لە بەیاننامەی نوێنەرایەتیی ئێران دا پێ لە سەر ئەوە داگیراوە کە، ناسێندرانی بەرنامەی موشەکیانەی ئێران وەکوو ھەنگاوێکی بە پێچەوانەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ و یاخود ھەڕەشەیەکی ناوچەییە، سیاسەتێکی چەواشەکارانەو دوژمنانەیە لە لایەن ئەمریکاوە.

نوێنەرایەتیی ئیران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان، لەم بەیاننامەیەدا پێی لە سەر ئەوە د اگرتووە کە ئەمریکا بە پێچەوانەی ناساندنی خۆی وەکوو وڵاتێکی یاسامەندو پارێزەری سەروەریی یاسا لە ئاستی نێونەتەوەیی دا، بە شێوەیەکی لێکدژ سیاسەتی کشانەوە لە ڕێکخراوەو ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکانی گرتووەتە بەر.

لە بەیاننامەکەی نوێنەرایەتیی ئیران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان،جەخت لە سەر ئەوە کراوە کە ئەمریکا نەک ھەر بە ئاشکرا تەواوی وڵاتان بۆ پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ ناچار دەکات، بەڵکو خەریکی تەمێ کردنی گەلانی دیکەشە لە سەرتاسەری جیھان لە بەر پەیڕەوکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشت.

نوێنەرایەتیی ئیران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان، بە ڕاشکاوی وتوویەتی: ئەمریکا ھەوڵی ئەوە دەدات کە بە ھێنانە ئارای زانیاریی ساختەو یەکنەگرو ھەروەھا پشت بەستن بە پێوەری دژی بە یەک، جۆرێک دڕدۆنگی و تێکچڕژان لە لێکدائەوەی بڕگەکانی ھاوپەیوەند بە بڕیارنامەی ٢٢٣١ دروست کات و دژی ئێران بەکاری بێنێ.

نوێنەرایەتیی ئیران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان، وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە بەرنامەی موشەکیی ئێران  تەنیا بۆ ھەڵگرتنی کڵاوەی ئاسایی دیزاین کراوەو لە ئەنجام دا ھیچ موشەکێکی باڵستیک بۆ ھەڵگرتنی کڵاوەی ناڤۆکی دیزاین نەکراوە، پێی داگرت: ئێران قەت بەنیازی چێکردنی چەکی ناڤۆکی نەبووەو نیشە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، شەوی یەکشەممەی ڕابردوو بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێران لەم دواییەدا موشەکێکی نێوانبڕی باڵستیکی تاقی کردووەتەوە کە دەتوانێ کڵاوەی جۆربەجۆر ھەڵگرێت.

مایک پەمپێئۆ بەبێ خستنەڕووی ھیچ بەڵگەیەک بانگەشەی کردووە کە گوایە ئەم تاقیکارییە بەپێچەوانەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بووە.