کانونی یه‌که‌م 06, 2018 08:27 Asia/Tehran
  • زەنگەنە: وتووێژی نوێنەرەکەی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ئۆپێک دەستوەردەرانەیە

وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: دیدارەکانی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لەگەڵ ئەندامانی ڕێکخراوەی وڵاتانی بنێری نەوت (ئۆپێک) لە ڤییەنا، ناشارەزایانەو ناپڕۆفشناڵ و دەستوەردەرانەیە.

بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، شەوی پێنج شەممە لە سەروبەندی کۆبوونەوەی ١٧٥ ی ئۆپێک لە ڤییەنای پێتەختی نەمسا پێی داگرت: ئۆپێک بەشێک لە وەزارەتی وزەی ئەمریکا نییە و دیدارەکانی برایان ھوک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە ڤییەنا لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئۆپێک ھەڵوێستێکی دەستوەردەرانەیە.

زەنگەنە وتیشی: برایان ھوک بۆ داخوازیی ئەندامەتیی ئەمریکا لە ئۆپێک سەردانی ڤییەنای کردووەو ھەر لە بەر ئەمە چاوی بە ئەندامانی ئۆپێک دەکەوێت.

وەزیری نەوتی ئێران وتیشی: ئۆپێک ڕێکخراوەیەکی سەربەخۆیەو بەشێک لە وەزارەتی وزەی ئەمریکا نییە ھەتا فەرمان لە واشێنگتۆن وەربگرێت.

ئەمریکا دوابەدوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و ڕاپەڕاندنی قۆناغی دووھەمی بایکۆتەکانی سەر ئێران ھەوڵ دەدات ھەتا بە وتووێژ لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئۆپێک لەوانە، عەرەبستان شوێنھاتە شیمانەییەکانی خۆی وتەنی بە ئاستی سیفر گەیاندنی فرۆشتنی نەوتی ئێران بە بەرز کردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت قەرەبوو کاتەوە.

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی سێشەممە لە کۆڕی خەڵکی شاهروود سەر بە پارێزگەی سمنان لە ڕۆژهەڵاتی تاران، پێی داگرت : ئێران ھەر نەوتی خۆی دەفرۆشێت و ئەمریکاش ناتوانێ پێش بە ناردەی نەوتی ئێران بگرێت.

جێگای وەبیر ھێنانەوەیە داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند.

قۆناغی یەکەمی ئەم بایکۆتانە لە حەوتی ئوتەوە جێبەجێ کراو قۆناغی دووھەمیش کە داگری بایکۆتی کڕینی نەوت لە ئێرانیشە لە پێنجەمی نوامبەرەوە بەشێوەی فەرمیانە چووە واری جێبەجێ کردنەوە.

ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لە بەر پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ دژایەتیی بەربڵاوی جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوەو وڵاتانی جۆربەجۆری جیھان ڕایانگەیاندووە کە پشتگری لە بایکۆتە دژی ئێرانییەکانی ئەمریکا ناکەن.

شیاوی باسە سەدوحەفتاو پێنجەمین کۆبوونەوەی ڕێکخراوەی وڵاتانی بنێری نەوت( ئۆپێک) ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ڤییەنای پێتەختی نەمسا دەستی پێ کرا.