کانونی یه‌که‌م 12, 2018 11:28 Asia/Tehran
  • ئەمیر عەبدوڵڵاھیان : خاو جوڵانەوەی ئەورووپا لە ھەنگاوی کردەیی دا جێگای قەبووڵ نییە

یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێونەتەوەیی ڕایگەیاند: ھەڵوێستی سیاسی و میدیایی ئەورووپا لە بەرامبەر ھەنگاوەکانی یەک لایەنەی ئەمریکا جێگای ڕێزە، بەڵام خاو جوڵانەوەی ئەورووپا لە ھەنگاوی کردەیی دا جێگای قەبووڵ نییە.

حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھیان یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێونەتەوەیی لە دیداری «تارجا ئانلی کرۆنبری» بەڕێوەبەری تۆڕی سەرکردایەتی کردنی کاروباری ئاسایشتیی ئەورووپا لە تاران، وێڕای پێداگرتن لە سەر خێراکردنەوەی ڕەوتی ھەنگاوەکانی کردەیی یەکێتیی ئەورووپا لە بەرامبەر بایکۆتە یەک لایەنەکەی ئەمریکا دژی ئێران، وتیشی: بەڵێنە ئەرێنییەکانی ئەورووپا لە بارەی ئەمەی کە لە ماوەی حەوتەکانی داھاتوو SPV  دەچێتە واری جێبەجی کردنەوە، پێویستی بە ھەنگاوی کردەییە.

حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھیان وێڕای ئاماژە کردن بە جوڵانەوەکانی تاقمۆکەی تیرۆریستی مونافقین لە ئەورووپا وتی: دەست و پێوەندەکانی ئەم تاقمۆکەیە کە لە ھێندێک وڵاتی ئەورووپی دا دژی ئاسایشتی ئەورووپا دەجوڵێنەوەو ئەو کارانەیان دەدەنە پاڵ دام و دەزگا ئاسایشتییەکانی ئێران، بە مەبەستی تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەورووپا ئەنجام دەگرێت و ئەورووپا دەبێ لەم بوارەدا وریا بێت.

«تارجا ئانلی کرۆنبری» بەڕێوەبەری تۆڕی سەرکردایەتی کردنی کاروباری ئاسایشتیی ئەورووپاش لەم دیدارەدا وێڕای ئاماژە کردن بە کۆبوونەوە کاراکانی لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام وتی: ئێمە بەدووی ڕێگاگەلێکداین بە مەبەستی پاراستنی ئەم ڕێککەوتنە، چونکو ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لەو بابەتانەیە کە ئێمە بەرژەوەندیی ھاوبەشمان تیادا ھەیە.

بەڕێوەبەری تۆڕی سەرکردایەتی کردنی کاروباری ئاسایشتیی ئەورووپا وێڕای ئاماژە کردن بە پێبەند بوونی ئەورووپا بە پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام، وتیشی: ئەورووپا سوورە لەسەر وەدی ھێنانی چاوەڕوانی و بەڵێنەکانی لە بارەی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە بەرامبەر ئێراندا گەرچی ھەتا ئێستا بەخاوی جوڵاوەتەوە.

«تارجا ئانلی کرۆنبری» جەختیشی کرد: گەلێک گرینگە کە ھەم ئەورووپاو ھەم ئێران ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام بپارێزن، بەرجام سەرمەشقێکی باشە بۆ چارەسەریی سیاسیانەی کێشەکان و ئێران لە ڕیزی یەکەم وڵاتانێکە کە برەوپێدەری ڕۆژھەڵاتی ناڤینی بێ چەکە.

 

 

سەرپەیڤ