کانونی دوھەم 04, 2019 08:16 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی زەریف بە بانگەشەکانی ئەمریکا لەمەڕ بەرنامەی ئاسمانگەڕیی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران کاردانەوەی پێشان دا بە بانگەشەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە تاقیکردنەوەی مووشەکیی و بەرنامەی فەزایی ئێران.

بەپێی ڕاپۆری ئیدارەی گشتیی دیپلۆماسیی میدیایی وەزارەتی دەرەوە، "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوو لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: هاوێژرانی سەتەلایەت هەڵگریی ئاسمانیی و یان تاقیکردنەوەی مووشەکی لەلایەن ئێرانەوە، بڕیارنامەی٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش پێشێل ناکا، بەڵکوو ئەوە ئەمریکایە کە بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکانی پێشێل کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران بەئاماژە بەوەی کە ئەمریکا خاوەن ئەو جێگە و شوێنە نییە کە سەبارەت بە تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئێران قسە بکات، پێویستە وەبیر کاربەدەستانی ئەو وڵاتە بهێنرێتەوە کە هەڕەشە، هەڕەشەی لێ دەکەوێتەوە هەربەوجۆرەی کە ڕێزگرتن، ڕێزی بەدواوەیە.

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنج شەممە ئیدیعای کرد، سەتەلایت هەڵگرە ئێرانییەکان لە تەکنۆلۆژیای هاوشێوەی مووشەکی کیشوەرپێو کەڵک وەردەگرن و ئێران نابێ بەرنامەی سازکردنی سەتەلایت هەڵگری هەبێ.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بێ خستنەڕووی هیچ چەشنە سەنەدو بەڵگەیەک هاوپێوەند بە ئیدیعاکانی، وتی: هاوێژرانی سەتەلایت هەڵگر بۆ بۆشایی ئاسمان لەدژ بڕیارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوەکانە.

ئەو لێدوانەی پۆمپێئۆ لەکاتێکدایە کە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان تائێستا نەک هەر بڕیارنامە تەنانەت بەیاننامەیەکیشی لەبارەی بەرنامەی ئاسمانگەڕیی ئێرانەوە دەرنەکردووە.

وڵاتانی ئوروپایی و هەروەها ڕووسیا و چینیش بەئاشکرا ئیدیعاو بۆچوونی هەڵەی ئەمریکا لەوبارەیان ڕەت کردۆتەوە.

سەرپەیڤ