کانونی دوھەم 17, 2019 09:12 Asia/Tehran
  • قاسمی: ئێران گەشەی زانستیی خۆی ناکاتە قوربانیی نیگەرانییە بێ بنەماکانی بیانییەکان

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران شەوی سێ شەممە لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەڵوێستەکانی دوژمنکارانەی ئەم دواییەی ئەمریکاو فەرانسا دژی بەرنامەی گەردوونگەڕیی ئێران پێی داگرت، کۆماری ئیسلامیی ئێران چارەنووسی گەشەی زانستیانەی وڵات ناکاتە قوربانیی نیگەرانییە ساختەو بێ بنەماکانی بیانییەکان.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، بەھرامی قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران  لە بەر ساڵانێکی دوورودرێژ بایکۆتی ستەمکارانە بەکەڵک وەرگرتن لە چالاکیی لاوان و پسپۆڕانی خۆی لە بواری گەردوونگەڕی، دەستی بە زانستێکی بناغەدارو پتەو ڕاگەییشتووە، پێی داگرت: ئەم زانست و تواناییە تەنیا داگری ڕەھەندگەلی زانستی و تەکنیکییە و بە مەبەستی گەشەو پێشکەوتنی ئێران و دابین کردنی پێداویستییەکانی لە بواری گەردوونگەڕی دا گەڵاڵەی بۆ داڕێژراوە.

بەھرامی قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران وتیشی: ئەم تواناییانە ناوەڕۆکی ناسەربازییانەی ھەیە و قەت لەگەڵ ڕێککەوتنی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشت و ھیچ کام لە یاساوڕێسا دیاری کراوە نێونەتەوەییەکان لەم بوارەدا دژنییە.

قاسمی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە تەواوی وڵاتان مافی کەڵک وەرگرتن و بەھرە بردن لە زانست و تەکنۆلۆژیای گەردوونگەڕییان ھەیە، وتیشی: قەت وڵاتانی دیکە بە ھەر بڕوبیانوویەکی یەک لایەنەو نەگونجاو بۆیان نییە بە بۆچوونی ھەڵەو ناڕەوا بیانەوێت گەلانی دیکە لە ھەبوونی تەکنۆلۆژیای زانستیانەو پێشکەوتە بێ بەری بکەن.

بەھرامی قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ڕوو لە ئەمریکییەکان و فەرانسییەکان وتی: لە ناوچەی قەیران تێکەوتووی ڕۆژئاوای ئاسیا کە لە بەر ناردەی لە ڕادەبەدەرو سەدان ملیارد دۆلاریی چەک و چۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ وڵاتانی ئەم ناوچەیە بە ئاشکرا بووەتە ھەمارێکی چەکەمەنی، کارەساتگەلێکی دژی مرۆڤانەی پڕلە شەرم و شورەیی خەریکە لە لایەن ھاوپەیمانەکانی واشێنگتۆن و پاریسەوە دەقەومێت کە دیارە بەر لە چالاکییە زانستی و خۆماڵییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ جێگای پەرۆشی و خەم خواردن بێت.

ئەمریکاو فەرانسا کە بەردەوام بەدووی پاوان کردنی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتەی خۆیانن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە ئەم ھەنگاوەی ئێران لە مەڕ ھەڵکردنی سەتەلایت بۆ گەردوون لەگەڵ بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ڕێکخراوەی نەتەوەکاندا یەک ناگرێتەوە.

سێرگێئی ڕیابکۆف یاریدەری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی سێ شەممە لە ھەڵوێستەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ھەمبەر بەرنامەی گەردوونگەڕی و موشەکیانەی ئێران ڕەخنەی گرت و وتی: ئێران بە تاقیکاریی گەردوونی و موشەکیانەی خۆی ھیچ چەشنە ھەنگاوێکی قەدەغەو بە پێچەوانەی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و یان ئەو ڕێککەوتننامانەی کە تیای دا بەشدارە، ھەڵنەگرتووە.