کانونی دوھەم 18, 2019 07:44 Asia/Tehran
  • وشداری ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بە ئەمریکا

یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە کاروباری نێودەوڵەتی وشداری دا لە حاند دواهاتەکانی ئازاد نەکرانی خێرای "مەرزییە هاشمی" پێشکەشکاری کەناڵی "پرێس تی ڤی" لە لایەن دەوڵەتی ئامریکاوە.

"حسێن ئەمیر عەبددوڵاهیان" شەوی هەینی لە تویتەردا نووسی: یاریی سیاسیی گرتنی "مەرزییە هاشمی" لە لایەن ئەمریکاوە دەست پێ بووە، بێتوو ئەو هەواڵنێرەی "پرێس تی ڤی" خێرا ئازاد نەکرێ، کۆتایی ئەو یارییە بە دەستی ئەمریکا نابێ."

"مەرزییە هاشمی" هەواڵنێر، دوکیۆمێنت ساز و بێژەری بە ڕەگەز ئەمریکایی کەناڵی پرێس تی ڤیە. ئەو خاتوونە بە ناوی "مێلانی فرانکلین" لە ئەیالەتی کلۆرادۆی ئەمریکا لە دایک بووە و دەرچووی لقی مێدیای زانکۆیە.

مەرزییە یان هەمان ملانیی لەدایک بووی ئەمریکا لە تەمەنی لاوێتیدا وەبن کاریگەریی کەسایەتیی ئیمام خومەینی (رە) بناغەدانەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیمانی بە ئایینی ئیسلام هێنا و کۆچی کرد بۆ ئێران.

ئەم پێشکەشکارە موسڵمانەی کەناڵی پرێس تی ڤی کە بۆ سەردانی بنەماڵە و  کەس و کاری سەفەری کردووە بۆ ئەمریکا، لە فڕۆکەخانەی "سەنت لویس" گیرا و گوێزراوەتەوە بۆ گرتووگەی پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا لە واشینگۆن.

دەگوترێ فەرمانبەرانی پۆلیسی ئەمریکا پاش گرتنی ئەم ژنە موسڵمانە، باڵاپۆشەکەیان لابردووە و جل و بەرگێکیان لەبەر کردووە کە داپۆشراو نییە.

مەرزییە هاشمی لە تەنیا پێوەندییەکی تەلەفوونیدا کە لەگەڵ بنەماڵەی هەیبووە وتوویەتی کە زیندانوانەکانی دەست و لاقیان کۆت و زنجیر کردووە و  گۆشتی بەرازیان پێ داوە؛ بەڵام ئەو لەبەر خۆبواردنی لە خواردنی گۆشتی بەراز،  برسی ماوەتەوە.

پرێس تی ڤی ڕاپۆرتی داوە کە مەرزییە هاشمی کە بە ڕەگەز ئەمریکاییە لە سەفەرە جۆربەجۆرەکانی بۆ ئەمریکا بەردەوام ناڕازیی بووە لە هەڵس و کەوتی نالەبار و ناشیاوی فەرمانبەران بەتایبەت لە فڕۆکەخانەی ئەمریکا، بەڵام تا ئێستا بەم لەونە قۆڵبەست نەکرابوو.

کاربەدەستانی پۆلیس و دەزگەی دادەوانیی ئەمریکا بە تێپەڕ بوونی سێ ڕۆژ لە گیرانی مەرزییە هاشمی هیچ تۆمەتێکیان دژ بەو رانەگەیاندووە و تەنانەت بە خۆشیان نەوتووە کە لەبەرچی لە بەند کراوە.

سەرپەیڤ