شوبات 11, 2019 16:33 Asia/Tehran
  • دەنگدانەوەی ڕێپێوانی بیست و دووی بەهمەن لە میدیا هەواڵییەکانی وڵاتانی عەرەبی

ئامادەبوونی بەرفراوانی خەڵکی ئێران لە چلەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لەنێو میدیا هەواڵییەکانی وڵاتانی عەرەب، دەنگدانەوەی بەرفراوانی بوو.

چین و توێژە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگای ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە چلەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی هاوکات لەتاران و زیاتر لە هەزار شار و دە هەزار گوندولادێ، جارێکی دیکە پەیمانیان نوێکردەوە لەگەڵ ئارمانجەکانی حەزرەت ئیمام خومەینی(ڕە)- دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی و حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی.

میدیا عەرەبییەکان لەوان کەناڵی ئەلمەیادین بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕاپۆری هاوپێوەند بە ڕێپیوانی چلەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ڕایانگەیاند: خەڵکی ئێران لە تاران وگشت شار و لادێ جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتە بەدروشمی"نەمان بۆ ئەمریکا" و"نەمان بۆ ئیسرائیل" جارێکی دیکە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییان کردە جێژن.

کەناڵی "ئەلمەسیرە" ی یەمەن لە دەنگدانەوەی ڕێپێوانی ملوێنیی خەڵکی ئێران لە چلەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، بە بڵاوکردنەوەی وێنەو فیلمی ڕاستەوخۆی ڕێپێوانەکان لە تاران، وتاردانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بڵاو کردەوە.

کەناڵی قەتەریی"ئەلجزیرە" ش بە بڵاوکردنەوەی ڕاستەوخۆی ڕێوڕەسمی ڕێپێوانی خەڵکی تاران لە چلەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و وتاردانی "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەزمان ناوبراو ڕایگەیاند: دوژمنان ناتوانن ئامانجە نگریسەکانیان مسۆگەر بکەن.

کەناڵی هەواڵیی "ئەلمەنار"یش بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی هاوپێوەند بە ڕێپێوانی بەربڵاوی خەڵک لەتاران و گشت پارێزگاکانی ئێران لە رۆژی بیست و دووی بەهمەن ڕاپۆری دا: خەڵکی ئێران یەکدەنگ لە ڕێپێوانی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی شانازیان کرد بە دەسکەوتەکانی چل ساڵی ڕابردووی وڵاتەکەیان.

ڕێپێوانی چلەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە سەرتاسەری ئێرانی ئیسلامی بەڕێوە چوو. ئامادەبووانی ڕێپێوانەکە لە بەشێک لە بڕیارنامەی کۆتایی چلەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ، بە شەرمەزارکردنی شەڕی دەروونی و بایکۆتی ئابووریی دوژمنان، بانگەوازی هەمووانیان کرد بۆ هەلناسی، ئامادەبوونی بەئاگایانە لە گۆڕەپانەکانی شۆڕشی ئیسلامی و بەرەنگاربوونەوەی جیددیی دەنگۆسازکردن و یارمەتیدانی کاربەدەستان لە چارەسەریی گرفتە ئابوریەکان، پاڵپشتی لە کاڵای ئێرانی و پاراستنی یەکێتی و یەکڕیزیی نیشتمانی.

پێشاندرانی مووشەکەکانی"قەدر" بەبڕی دوو هەزار کیلۆمتر، "زولفەقار" بەبڕی٨٠٠ کیلۆمەتر و هەروەها مووشەکی"قیام" بەبڕی٧٠٠کیلۆمتر لەسەر ڕێگای ڕێپێوانی بیست و دووی بەهمەن لە تاران، لەگرینگترین نمایش وپێشاندانە تایبەتییەکانی ڕێپێوانەکە بوو.

سەرپەیڤ