شوبات 11, 2019 18:46 Asia/Tehran
  • رۆحانی : خەڵکی ئێران لەسەر سەربەخۆیی، مەزنایەتی و سەربەرزیی خۆی مامەڵە ناکا

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: خەڵکی بەغرەتی ئێران سەلماندیان لەهیچ بارودۆخێکدا لەسەر سەربەخۆیی، مەزنایەتی و سەربەرزیان مامەڵە ناکەن.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران؛ "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە پەیامێکدا وێڕای ڕێزگرتن لە ئامادەبوونی حەماسەیی خەڵکی ئێران لە جێژنی پڕشکۆی چلەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، وتی: لەهەمبەر مەزنایەتی گەلی ئێراندا سەری کڕنۆش دادەنەوێنێ.

رۆحانی ڕێزیشی گرت لە چین و توێژەکانی خەڵک و گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کە بەهاوبەشیی زیرەکانەیان لەو ڕۆژە مێژوویی و چارەنووس سازە، لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکەیان لەمێژووی درەوشاوەی شۆڕشدا هەڵدایەوە، و یەکپارچەیی خۆیان پێشانی گەلانی جیهان دا.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ئامادەبوونی پڕناوەرۆک و بەئاگایانەی جەماوەر لە ڕێپێوانی٢٢ی بەهمەن، ئەرکی سەرشانی بەرپرسان لەهەوڵدانی بەردەوام بۆ خزمەت کردن بە خەڵک و وڵاتی دووهێندە کرد.

خەڵکی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە چلەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی هاوکات لە تاران و لەزیاتر لە هەزار شار و دە هەزار لادێ هاتنەسەر شەقامەکان هەتا جارێکی دیکە پەیمان نوێ بکەنەوە لەگەڵ ئارمانجەکانی حەزرەتی ئیمام خومەینی(ڕە) دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی.

سەرپەیڤ