شوبات 14, 2019 10:02 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی زەریف بە پەلاماری تیرۆریستیی سیستان و بەلوچستان و هاوکات بوونی لەگەڵ سیرکی وەرشۆ- ڕاگەیاندرانی سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی ڕابردوو پەلامارە تیرۆریستییەکەی پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند: ئەوەی کە ئێران درووست لە هەمان ڕۆژی بەڕێوەچوونی سیرکەکەی وەرشۆ وەبەر پە لاماری تیرۆریستیی دەکەوێ، ڕووداوێکی بەهەڵکەوت نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا: "محەممەد جەواد زەریف" لە تویتەرەکەیدا ڕایگەیاند کە دار و دەسەتەی هەر ئەو تیرۆریستانەی کە سنوورەوانانی ئێرانیان لە خاک و  خوێندا گەوزاند لە شەقامەکانی وەرۆشۆدا چەپڵە لێ دەدەن بۆ ئەو کردەوە تیرۆریستییە و بە بەکارهێنانی ڕوباتی تویتەری، داکۆکییان لێ دەکەن.

زەریف وتیشی: وادیارە ئەمریکا هەر هەمان هەڵەکانی جارانی تووش دەبێتەوە، بەڵام چاوەڕێیە ئەنجامێکی جیاوازی بە نسیب ببێ.

شەوی ڕابردوو پاسی هەڵگری سنوورەوانانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جادەی "خاش _ زاهیدان" لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، وەبەر پەلامارێکی تیرۆریستی کەوت . بنکەی قودسی هێزی زەوینی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران شەوی ڕابردوو لە ئاگادارینامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە پەلامارە تیرۆریستییەکەی پارێزگای سیستان و  بەلوچستاندا ٢٧ سنوورەوانی ئێرانی شەهید و ١٣ کەسیشیان بریندار بوون.

گرووپی تیرۆریستتیی جەیشولزوڵم شەوی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسایەتیی ئەو پەلامارە تیرۆریستییەی گرتە ئەستۆ. ئەم گرووپە  تیرۆریستییە تا ئێستا بەرپرسایەتیی چەندین کوشتن و جەنایەت و تیرۆری لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لەوان شەهید کردنی ٩ سنوورەوانی ئێرانی لە ناوچەی "میرجاوە" لە ٢٦ی ئاپریلی ٢٠١٧ وە ئەستۆ گرتووە.

پارێزگای سیستان و بەلوچستان، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، شەوی پێنجشەممە بە ئیدانە کردنی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە، لە ئەمڕۆ (پێنجشەممە)ـەوە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند.