شوبات 18, 2019 16:40 Asia/Tehran
  • وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ئوروپا نابێ لەهەوڵی کەمڵاندنی داواکارییەکانی لەلایەن ئێرانەوە بێ

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: پشوودرێژی و سەبری خەڵک و حکومەتی ئێران حەددێکی هەیەو ئوروپا نابێ بەکات بەفیڕۆدان لەهەوڵی کەمڵاندنی داواکارییەکانی لەلایەن ئێرانەوە بێ.

بەپێی ڕاپۆری بەشی دەرەوەسنوریی رادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران، "بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی لەگەڵ پەیامنێرانی ناوخۆیی و دەرەوەیی لەبارەی کاناڵی تایبەتی دراڤیی ئوروپاو ئێران لەژێرناوی "ئامرازی پشتیوانیی چالاکییە تیجارییەکان" یان "ئینستێکس" وتی: ئەوەی وا لەلایەن ئوروپاوە هاتۆتە ئاراوە ، ئیرادەیەکی سیاسی بوو کە تائێستا سەرکەوتنێکی ئەوتۆی نەبووەو کارەکان زۆر بەهێواشی و سستی دەچێتە پێش.

قاسمی بەئاماژە بە پێداگریی وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەر هەنگاونانی پراکتیکی ئوروپا پاش چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی ، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران دەورێکی سازندەو کارای بووە لەهێنانەدی ئاشتەوایی و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانە ڕێکخراوەکان و لەمەڕ پرسی ڕێککەوتنی ئەتۆمیش بەڵێنیەکانی بەباشی ئەنجام داوە.

وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران پێی داگرت: ئوروپاییەکان بەجاران وتوویانە کە نەیاری سیاسەتی یەکلایەنخوازانەی ئەمریکان و بە لەبەرچاوگرتنی دەوری ئەرێنیی ئێران لە سەقام و هێمنیی ناوچە، ئوروپا دەبێ ئەرکی خۆی لەمەڕ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی جێ بەجێ بکات.

قاسمی لەبارەی هاوکارییەکانی ئێران و پاکستان پاش پەلاماری ترۆریستیی ئەم دواییە لە سیستان و بەلووچستان، هەڵکەوتوو لەباشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران، و سەردانی شازادەی جێنشینی عەرەبستان بۆ ئەو وڵاتە پاش ئەو ڕووداوە ترۆریستییە وتی: پەیوەندیی تاران لەگەڵ ئیسلامئاباد لەبواری جۆراوجۆردا هەیەو دوولایەن پێشنیارگەلێک بۆ چارەسەریی کێشەو گرفتی بەدیهاتوو بۆ هەندێ لە هاتووچۆکانیان هێناوەتە ئاراوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی سەفەری پاشمیری عەرەبستان بۆ پاکستانیش وتی: پەیوەندییە دەرەوەییەکانی وڵاتانی دراوسێ، هاوپێوەند بە خۆیانە وتاران هیچ دەسوەردانێکی تێدا ناکا بەڵام وڵاتانی دراوسێ دەبێ وریای بڕێک پیلان و دهۆی کەسانێک بن کە دەخوازن کاربکەنە سەر پەیوەندیی ئێران لەگەڵ دراوسێکاندا.

قاسمی لە وەڵامدانەوە بە پرسیاری پەیامنێری دەرەوە سنووریی لەبارەی سەفەری ئەمڕۆی عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بۆ چین و هاریکارییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە بەتایبەت لەبواری ئابووری، وتی: هاوکاریەکانی ئێران لەگەڵ چین لەئاستێکی زۆر شیاودایە، هەڵبەت ڕەنگە لە سەردەمانێکدا بڕێک کەم وکوڕیی هەبێ بەڵام ئەو هاوکارییە ڕوو لەپێشە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی لێدوانەکانی ئانگێلا مێرکل سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان لەبارەی دەوری ناوچەیی ئێران وتی: دەور و ڕۆڵی ئێران لەناوچەدا تەواو ئاشکرایەو بەرپرسانی وڵاتانی ئوروپایی باش ئاگاداری دەوری سەقامگیرکەری ئێران لەناوچەن.

وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران لەبارەی لێدوانەکانی رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەمەڕ زیادکرانی وڵاتانێکی وەک عێراق ولوبنان بە دانیشتنەکانی ئاستانە، وتی: بڕیاردان لەبارەی ئامادەبوونی وڵاتانی نوێ لەو پرۆسەدا وەک ئەندامی چاودێر و نەک وەک ئەندامی سەرەکی پرۆسەی ئاستانە، لەمێژە لەئارادایە.

 

سەرپەیڤ